وەزارەتی تەندروستی عێراق دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا دابین دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

وەزارەتی تەندروستی عێراق نەخۆشانی شێرپەنجە لە سلێمانی لە خەم دەرەخسێنێت و بڕیاریداوە پێداویستی دەرمانی نەخۆشخانەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دابین بکات.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964+ی راگەیاند، وەزارەتی​ تەندروستی​ عێراق بە فەرمی نەخۆشخانەی​ هیوای وەک​ نەخۆشخانەیەک​ بۆ​ چارەسەری​ شێرپەنجە تۆمار کردووە و بۆ ساڵی داهاتوو دەرمانی بۆ دابین دەکات.

“پاش​ بەدواداچون​ بۆ​ ئەنجامی​ هەوڵەکان،​ لە​ ١٤/١١/٢٠٢٢​ نوسراوم​ ئاراستەی​ وەزیری​ تەندروستی​ کردەوە،​ بەڕێزیان​ لە​ ١٤/١٢/٢٠٢٢ وەڵامی​ داوەتەوە​ کە​ دەرمانی​ نەخۆشخانەی​ هیوا​ لەگەڵ​ دەرمانی​ ساڵی​ ٢٠٢٣​ دابین​ کراوە،” سۆران عومەر وای وت.

وتیشی، “پەیوەست بە ئامێری پزیشکی هەوڵدەدەین لە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ ئەوە چارەسەر بکەین کە عێراق دابینی ناکات.”

نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشخانەیەکی ١٨٠ تەختی تایبەتە بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی خوێن. لە ئابی ٢٠٠٧ لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی دروستکراوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەکە ساڵانە  پێویستی بە ٤٠ ملیار دینارە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی، دۆخی تووشبوانی شێرپەنجە بەهۆی نەبوونی دەرمان لەئاستێكی مەترسیداردایە، بەپێی ئامارێكیش رۆژانە ١٥ تووشبوی نوێ‌ تۆماردەكرێن.