زیانلێکەوتووانی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە زیانلێکەوتووانی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێم قەرەبوو بکاتەوە، پەرلەمانتارێکیش هاتنی لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سەرەتای ساڵی نوێدا بۆ هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پشتڕاست دەکاتەوە.
+964 لە زاری دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەزانێت، لە مانگی ئابی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستا ١٥٠ ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بەھۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران شەھید بوون و ٢٥٠ ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
ئەو پەرلەمانتارە روونی دەکاتەوە، بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دراوە، بەڵام چۆن و بڕی قەرەبووەکە چەند دەبێت، ئەو لیژنەیە دیاریی دەکات کە سەردانی هەرێم دەکات.
تۆپبارانەکانی هەریەکە لە وڵاتانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم ناوبەناو بەردەوامن و بەهۆی مەترسیش لەسەریان، تا ئێستا دانیشتوانی نزیکەی ٦٠٠ گوندی ناوچە سنوورییەکان زێدی خۆیان جێهێشتووە.