یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد
هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پۆرتوگال یاریی ده‌كات
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
له یه‌كه‌م یاریی خۆی له پاڵه‌وانیه‌تیی تیپه دێرینه‌كانی جیهان له توركیا، هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ له تیپی ناوچه‌ی كه‌مه‌ری ئه‌نتالیای برده‌وه، بڕیاره سبه‌یش له‌گه‌ڵ تیپی پۆرتوگال یاریی بكات.
پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ئه‌مڕۆ له توركیا ده‌ستیپێكرد و هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر به كۆمه‌ڵێك یاریزانی دێرینی به‌ئه‌زموون به‌شداریی كردووه، ئه‌مڕۆش له یه‌كه‌م یارییدا به ئه‌نجامی 4-1 بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر تیپی دێرینه‌كانی ناوچه‌ی كه‌مه‌ر تۆمار كرد.
حاجی سالار شوانی، سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كه به 964ی راگه‌یاند، ئامانجیان ئه‌وه‌یه نازناوه‌كه به‌ده‌ست بهێنن و بیگه‌ڕێننه‌وه كوردستان و هه‌ولێر.
وتیشی، سبه‌ی له دووه‌م یاریدا كاتژمێر 05:00 به‌رامبه‌ر تیپی پۆرتوگال یاریی ده‌كه‌ین.
به پێی زانیارییه‌كانی 964 پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه به به‌شداریی 20 تیپ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه به‌سه‌ر 5 كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون.
تیپه‌كانی دیكه له وڵاتانی وه‌ك عێراق، بۆسنه، فه‌ڵه‌ستین، توركیا، مه‌غریب، پۆڵه‌ندا، بولگاریا و جه‌زائیر و شوێنی دیكه‌وه به‌شدارن.
تیپی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر، كه له‌وێ به “ئه‌ربیل” تۆمار كراوه، له كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌مه، له ته‌ك تیپه‌كانی پۆرتوگال، كه‌مه‌ر و جه‌زائیر.
“بڕیار بوو تیپێك له قوبرسه‌وه به‌شداریی بكات و له كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ولێر بن، به‌ڵام نه‌هاتوون و له بری ئه‌وان تیپی كه‌مه‌ر به‌شداریی كردووه”، سالار شوانی وای وت.
ئه‌مه سێیه‌م جاره هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه ده‌كات.
له مانگی ئایاری رابردووش‌دا دێرینه‌كانی هه‌ولێر له ئوردن نازناوی پاڵه‌وانیه‌تیی عه‌قه‌به‌یان برده‌وه.