هاوسەرگیری و جیابوونەوە گرافیک: 964
کەی بووە و چۆن بووە؟
هاوسەرگیرییەک لە زاخۆ نەگەیشتە سێ رۆژ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کەیسێکی جیابوونەوەی دوو هاوسەر، کە سێ ساڵ پێش ئێستا روویداوە، لەناو سۆشیال میدیا وەک کەیسێکی نوێ بڵاوکراوەتەوە، 964 لە زاری پارێزەرەکەیەوە وردەکاریی جیابوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
کەیسەکە لەناو سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتەوە، “جیابوونەوەکە بەر لە تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بەهۆی دەمەبۆڵەی نێوان خەسوو و بووک لەسەر قاپ شۆردن روویداوە”.
عجێل کۆچەر، پارێزەری کەیسەکە بە 964ـی راگەیاند، ماڵی زاواکە وتوویانە کچەکە نەخۆشیی دەروونیی هەیە، “بەڵام ئەوە راست نەبوو و کچەکە هیچ کێشەیەکی نەبوو، جیابوونەوەکەش لە دادگای زاخۆ پەسەند کراوە و کچەکە هەموو مافێکی خۆی وەرگرتووە”.
بەوتەی پارێزەری کچەکە رووداوەکە بەمجۆرە بووە “دوای دوو رۆژ و چەند کاتژمێرێک خەسووەکە بە بووکەکە دەڵێت، بچێت لەگەڵ خوشکی هاوسەرەکەی قاپ بشوات، ئەویش دەڵێت، تازەم و شەرم دەکەم، لەوەوە لێیان دەبێت بە دەمەقاڵێ و لێکدەدەن و ماڵی زاوا تەلەفۆن بۆ ماڵی بووک دەکەن دەڵێن کچەکەتان نەخۆشیی دەروونیی هەیە”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد