دیمەنی شاری دهۆک. وێنە: 964
بێ ئاو نابن
12 گەڕەکی دهۆک چوار رۆژ خشتەی ئاوپێدانیان دەگۆڕێت
توانا نەقی
بەهۆی گۆڕینی رێڕەوی بۆرییەکی ئاوەوە لە دهۆک 12 گەڕەکی ئەو شارە بۆ ماوەی چوار رۆژ خشتەی ئاوپێدانیان دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دهۆک بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕینی رێڕەوی بۆری ئاوی 24 ئینجی کە دەکەوێتە ناو شەقامی 30 مەتری کە کاری قیرکردنی تیادا ئەنجام دەدرێت خشتەی پێدانی ئاو دەگۆڕێت.
دەشڵێت، لە رۆژی سێشەممە 10.10.2023 بۆ ماوەی چوار رۆژ لە کاتی ئاسایی خۆی ئاو نادرێت بەو ماڵانە.
ڤەگێر ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە 964ـی وت، مەبەست لە خشتە گۆڕینەکە ئەوەیە ئەو گەڕەکانەی بەشەو ئاویان پێدەدرا دەخرێتە رۆژ یان ئەگەر بەیانی ئەویان پێدرابێت دەخرێتە عەسر و بێ ئاو نابن.
گەڕەکەکان پێکهاتوون لە کێڤلا، زرکا، ماسیکا یەک، ماسیکا دوو، ماسیکا کادرا، گوندی ماسیکێ، شاخکێ شەش، شوقەکانی زەری لاند، میدیا، مالتا ئیسلام، مالتا سەری و مالتا نەسارا.