لە ئەمڕۆوە فرۆشتنی سیمکارتی بێ مۆڵەت قەدەغەیە
964+
ژووری هەواڵ
پارێزگای هەولێر بڕیاریدا، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە فرۆشتنی سیمکارتی بێ مۆڵەت لە بازاڕەکاندا قەدەغە بکات.
پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، سیمکارتی بێ مۆڵەتی بەوە وەسفکردووە کە دەبنە سەرچاوەی ھەڕەشە و تاوان لە ھاوڵاتیان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەى دەستبەسەرداگرتن و رێگەنەدان بە فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت لە سنوورى سەرجەم قائیمقامیەتەکانى پارێزگاى هەولێر، کۆبوونەوە بڕیاریدا کە فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە”.
هەروەها ئەوەش هاتووە، کڕین و فرۆشتنى سیمکارتى بێ مۆڵەت رادەگیرێت و سەرجەم ئەو شوێن و دوکان و جێگا و کەسانەى کە کارى فرۆشتنى سیمکارت دەکەن، یەک مانگ مۆڵەتیان دەدرێت تا 2023.11.8، دەست بکەن بە مامەڵەى وەرگرتنى بریکارنامەى کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندی”مۆبایل و ئینتەرنێت” و مۆڵەتى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
هۆشداریش دەدات، لەو ماوەیەدا هەر شوێن و دوکان و جێگایەک و کەسێک سیمکارتى بێ مۆڵەت بفرۆشێت، لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتەکان، شوێنەکەى دادەخرێت و دەست بەسەر سەرجەم سیمکارتەکانى دەگیرێت.