ئێزدییەکان لە ساڵێکا هەشت جەژنیان هەیە
جەژنی جەمای ئێزدییەکان لە چییەوە هاتووە؟
964+
فەهمی نەبی
هەموو ساڵێک لە 6ی تشرینی یەکەم، ئێزدییەکان لە لالش پەرەستگای هەرە پیرۆزی ئێزدییەکان (لە قەزای شێخان)، بەبۆنەی جەژنی جەما کۆدەبنەوە و بۆماوەی حەوت رۆژ بەشێوازی جیاواز ئەو ئاهەنگە سازدەکەن.
وشەی جەما بە واتای کۆبوونەوە دێت، یەکێکە لە سەرەکیترین جەژنی ئێزدییەکان.
ئاینی ئێزدی وەک یەکێک لە کۆنترین ئاینەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت، لالش شوێنی پیرۆژی تەواوی ئێزدییەکانی جیهانە، لەبارەی ژمارەیان هێشتا داتایەکی یەکلایکەرەوە نییە، بەڵام خۆیان دەڵێن ژمارەی هەڵگرانی ئاینی ئێزدی سەرووی ملیۆنێک کەس دەبێت و ژمارەیەکی زۆریان دوای ساڵی 2014 و سەروەختی هاتنی چەکدارانی داعش ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون، بەڵام بەشێکی بەرچاویان لە وڵاتەکانی وەک روسیا، ئەرمینیا و جۆرجیا دەژین.
چەند رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی جەژنی جەما، ئەنجومەنی رۆحانی بڕیاری سازدانی ئەو جەژنە دەدات و ئێزدییەکان بەو بڕیارەوە پابەند دەبن، لە مێژوودا چەند جارێک بەهۆی کارەساتەوە ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدی سازدانی ئەو جەژنەی دواخستووە، دواترینیان ساڵی 2014 تا 2018 بەهۆی ئەو کارەساتەی بەسەریان هات سازدانی جەژنەکانیان راگرت.
رۆژەکانی جەژنی جەما چۆن بەڕێوە دەچن؟
رۆژی یەکەم، ئەوانەی لە لالش ئامادەدەبن ئەمانەن، هەریەکە لە بابەشێخ (کەسی یەکەمی ئێزدییەکان)، جڤاتی رۆحانی ئێزدییەکان (بەڕێوەبەری کاروبارەکان)، پێش ئیمام (بەرپرسی سولالەتێکە پێی دەڵێن ئادانییە) و گەورەی قەوال (ئەو کەسەیە سروودەکان دەخوێنێتەوە) ئەمانە بەیەکەوە لەگەڵ ئامادەبووان جۆرێک نزا دەخوێنن پێیدەوترێت بەیتی ئێوارە، دواتر سەمای ئاینی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم، رۆژی رێوڕەسمی “قنتار”ە کە پیاوانی ئاینی تەواف بەدەوری هەموو شوێنە پێرۆزەکانی لالش دەکەن.
رۆژی سێیەم و چوارەم، مەراسیمی ئاینی جیاواز لەلایەن خەڵک بەڕێوەدەچێت، بەتەواوکاری رۆژی دووەم هەژماردەکرێت.
رۆژی پێنجەم، حەوت کچ کە جلی سپییان لەبەرە رۆڵی پەری دەبینن و لەناو لالش دەگەڕێن وەک هێمای فریشتەکانی خوا.
رۆژی شەشەم، ئێزدییەکان گایەک سەر دەبڕن و دەیکەنە قوربانی بۆ خواوەندی خۆر گۆشتەکە پیرۆز دەبێت و پێی دەڵێن سمات، ئێزدییەکان بە رۆژی شەشەمی جەژنەکەیان دەڵێن قەباغ.
رۆژی حەوتەم، کۆتا رۆژی جەژنی ئێزدییەکانە و پێی دەوترێت “بەربەرسوارکردن” تەختێکی ئەڵقەدار دێنن و لەئاوی کەڵوکی لالشی هەڵدەکێشن و دەیبەنە ناو پەرستگاکە و جێیدەهێڵن بەو مانایەی جەژن کۆتایی هات.
ئاوی کانی سپی
لای ئێزدییەکان ئاوی کانی سپی وەک پیرۆزترین ئاو دەناسرێت، هەر ئێزدییەک کە لەدایک دەبێت، وا پێویستە بە ئاوی کانی سپی مۆر بکرێت، هەموو ئێزدییەکان لەژیانیاندا یەک جار مۆر دەکرێن، ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن ساڵانە دەگەڕێنەوە تا مۆر بکرێن، ئەمە فەرزە لە ئاینی ئێزدی.
ئێزدییەکان چەند جەژنیان هەیە؟
بەگشتی ئێزدییەکان لە ساڵێکدا هەشت جەژن ئەنجام دەدەن، جەژنی سەری ساڵ بە سەرەکیترین جەژنی ئێزدییەکان دادەنرێت، کە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان ئێزدییەکان پێی دەڵێن چوارشەممەی سوور، هێلکە رەنگ دەکەن و لە پەرستگای لالش چرا دادەگیرسێنن.
جەژنی چلەی هاوین، پیاوانی ئاین و هەر پەیڕەوکارێک دەتوانێت چل رۆژ بەر لەو جەژنە بەڕۆژوو بێت، جەژنەکە لە 30ی تەمموز تا 2ی ئاب بەردەوام دەبێت.
جەژنی چلەی زستان، دەکەوێتە رۆژی 2ی شوباتی هەموو ساڵێک و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
جەژنی رۆژووی ئێزدی، دەکەوێتە هەفتەی سێیەمی مانگی 12 سێ رۆژ بەرلەوە بەڕۆژوو دەبن و هەینی هەفتەی سێیەم دەیکەن بە جەژن.
جەژنی بێڵندە، دەکەوێتە یەکەم هەینی لە مانگی کانونی دووەم واتا مانگی یەک، ئەم جەژنە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی وەرزی چاندنە، لەو رۆژە ئێزدییەکان نانێک دروست دەکەن پێی دەڵێن “سەوک” بەسەر یەکتر دابەشی دەکەن و ئێوارەکەی هەر ماڵێک ئاگرێک هەڵدەکات، بەو ئاگرە دەڵێن “گورگا گا” سێجار بەسەری بازدەدەن ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سووتانی گوناهەکانیان.
جەژنی خدر – ئەلیاس دەکەوێتە پێنجشەمەی سێیەم لە مانگی شوبات، ئەوانەی ناویان خدر و ئەلیاسە دەبێت سێ رۆژ بەڕۆژوو بن و رۆژی چوارەم دەیکەنە جەژن.
جەژنی قوربان بەهەمان شێوەی ئیسلام ئاژەڵێک دەکەنە قوربانی.