دیمەنێک لە رێوڕەسمی ئاشتەواییەکە. وێنە: سۆشیال میدیا
لە هەردوولا خەڵک کوژران و برینداربوون
پاش نزیکەی 30 ساڵ ناکۆکی و ئاشوب دوو بنەماڵە ئاشت بوونەوە
964+
زەید کۆچەر
ناکۆکی نێوان دوو بنەماڵە کە بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ درێژەی کێشابوو چارەسەرکرا، بەو پێیەی لایەکیان بە پێدانی 100 دەفتەر دۆلار ئاشتەوایی لەگەڵ بنەماڵەکەی دیکە راگەیاند.
ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە ئەم ئاشتەواییە لە گوندی“دڕەشێ” لە ناوچەی زرارەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی سۆراغی 964، “لە 21.4.1994 دوو بنەماڵە کە لە تیرەکانی عەشیرەتی هەرکی (مەمەدی و ناوی) بوون، بەهۆی یارییەکی تۆپی پێ ئاڵۆزی لەنێوانیاندا روودەدات و بۆ کوشتن و بریندارکردنی یەک درێژە دەکێشێت”.
چەند جارێک کێشەکە سەریهەڵداوە، کەسێک لە بنەماڵەی مەمەدی، کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە 964ی وت، “تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی کێشەکەدا حەوت کەس لە بنەماڵەی ناوی کوژراون و کەسێک لە بنەماڵەی مەمەدی کوژراوە، و زیاتر لە 10 کەس لە هەردوولا بریندار بوون”.
وتیشی، “دوێنێ بە ئامادەبوونی ریش سپی و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی هەرکی، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە، بنەماڵەی مەمەدی زیاتر لە 100 دەفتەر دۆلاریان دا بە بنەماڵەی ناوی، ئەوانیش لێیان خۆش بوون”.
بەگوێرەی سۆراغی پەیامنێری 964، دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە بۆ راگەیاندنی ئاشتەوایی هاوکار بوون، هەرچەندە پەیامنێرمان پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر و وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ کرد دەربارەی رێکارە یاساییەکان و هەبوونی سکاڵا، بەڵام هیچ زانیارییەکی پێ نەدرا.