وێنەی ماسییە خراپبووەکان. فۆتۆ: قایمقامیەتی سەیدسادق
شێوازی هەڵگرتنیان تەندروست نەبووە
پیکابێک بە 150 کیلۆ ماسییەوە گیرا
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سەیدسادق پیکابێک بە 150 کیلۆ ماسی خراپبووەوە چووەتە نێو بازاڕی قەزاکە بە مەبەستی ساغکردنەوەی بارەکەی، بەڵام رێگریلێکراوە و دەستگیراوە بەسەر ماسییەکاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.10.2023، تەها ئەحمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی سەیدسادق بە 964ـی راگەیاند، پاش پشکنین بـۆ ماسییەکان لەلایەن نوێنەری هۆبەی ڤێتێرنەری سەیدسادق، دەرکەوت کە شیاوی خواردن نییە و سەرجەمیان لەلایەن لیژنەکەوە لەناوبران.
هیچ یەکێک لە ماسییەکان زیندوو نەبوون و شێوازی هەڵگرتنەکەیان تەندروست نەبووە و بووەتە هۆی تێکچوونی گۆشتەکەیان.
“رۆژانە هاوڵاتیانی پارێزگا و قەزاکانی تری چواردەورمان هەموو جۆرە شتومەک و کاڵایەک دەهێنن بۆ ناو بازاری قەزاکەمان و ئێمە لە رێگای لیژنەکانمانەوە بە وردی چاودێری بازار و فرۆشگا و مارکێتەکان دەکەین”، تەها ئەحمەد وای وت.