لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964
پەکەکە: هێرشەکانمان لە قوڵایی تورکیا بەردەوام دەبێت
964+
ژووری هەواڵ
بۆ یەکەمجار پەکەکە لەبارەی هۆکاری هێرشەکەی ئەنقەرەوە هاتە دەنگ و لە لێدوانێکی تایبەتدا بەرپرسێکیان بە 964ی وت هێرشەکانیان لە قوڵایی تورکیا بەردەوامی دەبێت.
یەکشەممەی رابردوو دوو ئەندامی پەکەکە هێرشیان کردە سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەئەنقەرە، لە دوای هێرشەکەوە هەردوولا شیرو تیر لەیەک دەسوون و هەریەکەیان هەڕەشە لەوی تر دەکات.
بۆیەکەمجار بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ی راگەیاند ئیتر لەمەودوا هێرشەکانیان لە قوڵایی تورکیا بەردوام دەبێت، ئەو بەرپرسەی پەکەکە وتی ”پێشتریش چالاکیمان هەر بەردەوام بووە، بەڵام تورکیا نەیتوانی ئەمەیان بشارێتەوە، چونکە لە ناو دڵی دوژمندا گورزمان وەشاند”.
بەرپرسەکەی پەکەکە کە خۆی داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە لە بارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ هێرشەکە بە 964ی وت ”تورکیا چەکی کیمیاوی و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو دژی گەریلا لە هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەکاردەهێنێت، گۆشەگیری دژوار لە دژی رێبەر ئاپۆ گیراوەتە بەر، ئەوەتا زیاتر لە 31 مانگە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نازانرێت و نە پارێزەر و نە بنەماڵە تەنانەت نەیانتوانیوە بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ بکەن، ئەشکەنجەو کوشتار لە تورکیا زۆر بوون، پێمان دەڵێن پەکەکە تەواو بوو لەباکوور نەما، بۆیە هێرشەکەی ئەنقەرە وەڵام بوو بۆ هەموو ئەمانە”.
حەوت ساڵ بوو هیچ چالاکییەکی لەو شێوەیە لەلایەن پەکەکەوە لە ئەنقەرە ئەنجام نەدرابوو، شوێنی هێرشەکەش قەبارەکەی گەورەتر کرد، چونکە لە بەردەم ئاسایشی گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و لە نزیک بارەگای پەرلەمانەوە بوو، ئەو رۆژەش یەکەمین رۆژی دانیشتنی ساڵی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوو.
عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە قەبارەی هێرشەکەی کەم کردەوەو وتی تەنیا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون.
ناوەندی پاراستنی گەل -بەشێکە لەو هێزانەی لەناو خەڵک بە پەکەکە ناسراون – لە راگەیەندراوێکدا وتبووی ئەم دوو کەسە سەر بە تیمی ”تابوری نەمران”ن، بەپێی ئەم قسەیە بێت دیارە تیمێکیان هەیە بۆ چالاکی لەم شێوەیە، زانیاری تەواوی لەبارەی هەردوو هێرشبەرەکەوە بڵاوکردووەوە، دوو گەریلاکە یەکێکیان ناوی (ئۆزکان شاهین)ە و خەڵکی (وان)ە، ئەوەی تریشیان ناوی (حەسەن ئۆگوز)و لە مێرسین لە دایکبووە.
هەر رۆژی دوای هێرشەکە تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی دەستپێکرد و بە دەیان کەس دەستگیرکران، دەیان هێرشی بۆ سەر پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجامدا.
هاکان فیدان وەزیری دەوەری تورکیا ئەمڕۆ رایگەیاند، بۆیان ساغ بووەتەوە هێرشبەرەکان لە سوریاوە چوونەتە تورکیا، لە ناوخۆی تورکیا راهێنانیان پێ کراوە، هاکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی ”وەڵامێکیان دەدەینەوە تیرۆریستان پەشیمان بنەوە لەوە کارەی کردوویانە…لەمەودوا هەموو ژێرخان و سەرخانی پەکەکە لە سوریا و عێراق ئامانجی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانمان دەبێت”.
لەکاردانەوەی لیدوانی بەرپرسانی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X رایگەیاندووە، “ئەو تۆمەتانەی تورکیا بەتەواوی رەتدەکەیەنەوە، هیچ یەکێک لەوانەی بەشداری هێرشەکەیان کردووە بە ناوچەکانی ئەوان تێپەڕ نەبوونە بۆ ناو خاکی تورکیا”.