مەلا خۆبەخشەکان چاوەڕێی دامەزراندن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، سه‌دان مامۆستای ئایینی خۆبه‌خش هەن كارى وتاربێژى مزگه‌وته‌كانیان پێسپێردراوه و چاوەڕێی دامەزراندن، وته‌بێژى وه‌زاره‌تیش ره‌تیده‌كاته‌وه كه ئه‌وان به‌ڵێنی دامه‌زراندیان به‌و خۆبه‌خشانه دابێت.
نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی به +964ى راگه‌یاند، “نزیكه‌ى ٩٠٠ خۆبه‌خشمان هه‌یە، له مزگه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان كارده‌كه‌ن و شوێنی مامۆستایانى ئایینیان بۆ پڕكردووینه‌ته‌وه، به‌ڵێنى دامه‌زراندنمان پێنه‌داون، به‌ڵام هه‌ربڕیارێك هه‌بێ ئه‌وان له‌پێشه‌وه‌ى هه‌موو كه‌سێكن”.
له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ئه‌نجومه‌نێكی شه‌رعی هەیە، تاقیكردنه‌وه به‌و خۆبه‌خشانه ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌رنه‌چن ناتوانن ببنه خۆبه‌خش.
“له ماوه‌ى ساڵی رابردوودا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ركه‌زییان بۆ خۆبەخشەکان کردووە له هه‌موو شاره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌كادیمیی و زانستی‌یان ده‌ربكه‌وێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و مامۆستایانه خاوه‌نى بڕوانامه‌ى شه‌رعین”.
له‌باره‌ى دامه‌زراندنیانه‌وه ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه ده‌بێ له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه پله بۆ دامه‌زراندن رابگه‌یەندرێت ئینجا دابمه‌زرێن.
وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف جارجاره پشتیوانى دارایی ئه‌و خۆبه‌خشانه ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك وته‌بێژی وه‌زاره‌ت ده‌ڵێت، “ئه‌و پشتیوانییه وه‌ك موچه‌ى مانگانه نییه، به‌ڵام له رووى مه‌عنه‌وییه‌وه هه‌موو پشتیوانییەكیان له وه‌زاره‌ته‌وه بۆ ده‌كرێت”.
هه‌ر یه‌ك له لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی په‌رله‌مان و یەكێتیی زانایانی ئایینیش به كێشه و گرفتى ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ئاگادارن و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر داواكارییان پێشكه‌شی لیژنه‌ى ناوبراو كردووه.
ماڵپه‌ری په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه كه له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ چوارشەممەی نێوان هه‌ردوولا، هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنى داواکارییەکەیان بدۆزرێته‌وه، بەھەر شێوازێک بێت کە لە توانای دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت.