گرافیك: 964+
نزیكه‌ى 50%ـى پاشماوه‌کان لە هه‌رێم خۆراكه
هه‌رێمی كوردستان رۆژانه به سه‌دان تۆن خۆراك به فیڕۆ ده‌دات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
رێكخراوێكی ژینگه‌یی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه رۆژانه سه‌دان تۆن خۆراك له هه‌رێمی كوردستان به فیڕۆده‌درێت و بەپێی خەمڵاندنەکانیان هەر تاکێک لە هەرێم رۆژانە بەبڕی هەزار دینار خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاینده بۆ پاراستنى ژینگه به 964ـى وت، رۆژانه له هه‌رێمى كوردستان هه‌شت هه‌زار تۆن پاشماوه فڕێده‌درێت و له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ى 50%ـى پاشماوه فڕێدراوه‌كان، خۆراكه.
وتیشی “ئه‌و ئاماره له رێگه‌ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و كۆمپانیاكانى پاككه‌ره‌وه له هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراوه”.
سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه، روونیكرده‌وه هه‌ر تاكێكی هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 666 گرام خۆراك به فیڕۆ ده‌دات، ئەم بڕە بەرامبەر هەزار دینار مەزەندە کراوە.
هه‌ر به‌پێی ئامارێكیش كه رێكخراوى ئایینده بڵاویكردووه‌ته‌وه، رۆژانه له عێراقدا جگه له پاشماوه، 20 هه‌زار تۆن خۆراك به‌فیڕۆ ده‌چێت.
ئاماره جیهانییه‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه زۆرترین ژماره‌ی به‌فیڕۆدانی خۆراك له جیهاندا له هه‌ردوو وڵاتی چین و هیندستانه ئه‌ویش به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى دانیشتوانیانه‌وه، كه هه‌ر وڵاتێك زیاتر له یه‌ك ملیار كه‌سه.
وڵاتى چین ساڵانه 91.6 ملیۆن تۆن خۆراك و وڵاتى هیندستانیش 68.8 ملیۆن تۆن خۆراك به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن.