ماوەی مانگێک کراوە دەبێت

لینکی ڤیزای تیروپشکی چوون بۆ ئەمریکا لەم هەفتەیەوە بەردەست دەبێت

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لینکی ڤیزای تیروپشکی ئەمریکا کارا بێت، تا سەرەتای مانگی 11 لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەکراوەیی دەبێت.

ڤیزای هەمەچەشنی ئەلیکترۆنی DS-5501ی ئەمریکا زۆربەی جار بە ڤیزای بەخت ناسراوە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بەشێوەیەکی یاسایی کۆچ بۆ ئەمریکا بکەن، ئەو دەرفەتە بە زۆربەی وڵاتان دەدرێت، ساڵانە لەسەرانسەری جیهان 55 هەزار کەس گرین کارت یان کارتی سەوزی ئەمریکایان پێدەدرێت.

ئەمساڵ وا بڕیارە لە رۆژی چوارشەممە 4.10.2023 بەشێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری هاوڵاتیان لە جیهان وەربگیرێت و ئەو پرۆسەیە تا رۆژی 7.11.2023 بەردەوام بێت، لە ساڵی ئایندە ناوەکان دەردەچێت و بۆ ساڵی 2025 ئەوانەی ناویان دەردەچێت کۆچ بۆ ئەمریکا دەکەن.

د.زەردەشت بابان مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا بۆ 964 وتی، ئەمە رێگەیەکی گونجاو و یاساییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی بێن بۆ ئەمریکا، چونکە ئەو کەسەی ناوی دەردەچێت راستەوخۆ دەبێتە خاوەنی گرین کارتی ئەمریکا و دوای ساڵێک دەبێتە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکا.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە رێگای دیکە هەوڵ بدەی بێیت بۆ ئەمریکا، ئەگەری زۆرە وەڵامدانەوەت دوابکەوێت، تەنانەت خەڵک هەیە 18 ساڵە هاتووە بۆ ئەمریکا کەچی نەیتوانیوە مافی مانەوە وەربگرێت.

لێرە دەتوانن لینکی ڤیزا پڕ بکەنەوە

ئەو فۆرمە ئەلیکترۆنیەی بڕیارە رۆژی چوارشەممە داواکاری خەڵک تۆماربکات، بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕ دەکرێتەوە و بەهیچ جۆرێک پێویست ناکات پارە بدرێتە نوسینگەکان بۆ پڕکردنەوەی، ئەمە د.زەردەشت بابان وای وت.

سەرکێشییەکانی پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە چین؟

ساڵانە فۆرمی ڤیزای هەمەچەشنی ئەلیکترۆنی ئەمریکا دەرفەتی گەشتکردن و مافی مانەوە دەدات بە هەزاران هاوڵاتی، بەڵام پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە سەرکێشی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان کەسانێک هەن ساڵانی رابردوو ئەو فۆرمەیان پڕکردووەتەوە، ناویان نەهاتووەتەوە دوای ماوەیەک بەشێوەیەکی ئاسایی داواکاری ڤیزایان پێشکەشی کونسوڵخانەی ئەمریکا کردووە، بەڵام داواکاریەکەی رەتکراوەتەوە و پێیان وتراوە ساڵانی رابردوو تۆ ڤیزای بەختی ئەمریکات پڕکردوەتەوە و نیازی ئەوەت هەیە نەگەڕێیتەوە، بەم هۆیەوە داواکاری پێدانی ڤیزاکەیان رەتکراوەتەوە.

لینکی ئەم هەواڵەی خوارەوە پەیوەندیدارە بەم بابەتە:

کونسوڵخانەی ئەمریکا: خۆتان داواکاری ڤیزای وڵاتەکەمان ...

کونسوڵخانەی ئەمریکا: خۆتان داواکاری ڤیزای وڵاتەکەمان پڕ بکەنەوە