چوار ساڵە پەرلەمان چاوەڕێی پرۆژەیاسایەکی حکومەتە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشى په‌رله‌مانى كوردستان چوار ساڵە چاوه‌ڕێى حكومه‌ته‌ تاوەکو پڕۆژه‌یاسای خا‌نه‌نشینىی هێزه‌كانى ناوخۆی بۆ بنێرێت، بەڵام بە بیانوی “دیراسەی ورد” هێشتا نەیناردووە.

پێشتر پەرلەمان پرۆژەیاسایەکی بۆ ئەم بابەتە هەبووە، بەڵام حکومەت پێی وتوون، وازی لێبهێنن، خۆیان پرۆژەیاسایەکیان بۆ دەنێرن.

بە قسەی باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ 964+، لە پرۆژەیاساکەیاندا کەمترین موچەی خانەنشینییان بە 400 هەزار دینار دیاریکردووە، هێشتا دیار نییە حکومەت چەندی دیاریکردووە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “ناردنى ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ زۆرى پێچوو، هیوادارین ئه‌و دواكه‌وتنه‌ باروگوزه‌رانى ئه‌و هێزانه‌یان له‌به‌رچاو گرتبێ، كاتێ خانه‌نشین ده‌بن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماى پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینى فیدڕاڵی داڕێژرابوو، “جەخت دەکەینەوە له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی حكومه‌تیش دەبێت كه‌مترین موچه‌ى خانه‌نشینیی هەر 400 هەزار دینار بێت”.

تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ شه‌ش دانیشتن له‌نێوان لیژنه‌ى ناوخۆى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم كراوه‌، له‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سێ جار نوسراوى فه‌رمی بۆ حكومه‌ت كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یاسایە هه‌ر لاى حكومه‌ت ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان.

باڵانبۆ محەمەد دەڵێت، “بیانوى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ دیراسه‌ى وردى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئینجا ده‌ینێرن، به‌ڵام به‌راستى ئه‌و دیراسه‌كردنه‌ زۆر درێژەى خایاند”.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە رۆژى 6ی حوزه‌یرانی 2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ رایگەیاند، بەهۆی كێشەی سیولە پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ پەسەند نەکراوە، بەڵام لە قۆناغی کۆتاییدایە.