“سێ مانگی دیکە بۆ بەستنی پێوەری ئاو درێژ بکەنەوە”

شەش مانگەکە تەواو بوو

+964

فەرمان سادق

شەش مانگ مۆڵەتەکەی وەزارەتی شارەوانی بۆ هاوبەشانی ئاو کۆتایی هات و، ژمارەی هاوبەشان نزیک بوونەتەوە لە ١٠٠٪. بەڕێوەبەرانی ئاوی شارەکانیش پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ سێ مانگ دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی کانونی یەکەم، وادەی ئەو شەش مانگەی وەزارەتی شارەوانی بۆ هاوبەشانی ئاو دەستنیشانی کردبوو کە پێوەری ئاو ببەستن، کۆتایی هات.

زەردەشت عەبدولخاڵق سەرسام، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە +964 راگەیاند؛ ٨٩٪ـی هاوبەشانی ئو لە پارێزگای هەولێر، پێوەی ئاویان بەستووە، پێش ئەو شەش مانگە رێژەکە کەمتربوو لە ٨٠٪.

زیاتر وتی “لەماوەی ئەو شەش مانگەدا، زیاتر لە ١١٪ـی هاوبەشانی ئاو، پێوەریان بەستووە”.

هاوکات ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە +964 راگەیاند، دوای ئەو شەش مانگە، ئێستا بەشێوەیەکی گشتی ٩٢٪ـی هاوبەشانی ئاو لە پارێزگای دهۆک، پێوەری ئاویان بەستووە، بەتایبەت پڕۆژە بازرگانییەکان کە سوودی زۆریان بینی لەو دەرفەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

زیاتر وتی “پێش ئەو وادەیە، رێژەی هاوبەشان ٨٠٪ بوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە هەڵکشاوە، ئەوەی ماوەتەوە هاوبەشانی دەوروبەری شارە کە رێژەی ئەوانەی پێوەری ئاویان بەستووە ٨٢٪”.

لە شەش مانگدا ١١٪ـی هاوبەشانی ئاو لە هەولێر پێوەریان بەستووە

بەختیار تاھیر، بەرێوەبەری ئاو و ئاوەرۆی سلێمانی بە +964 راگەیاند؛ رێژەی ٨٧٪ـی هاوبەشانی ئاو لە سلێمانی پێوەری ئاویان بەستووە.

زیاتر وتی “لەم شەش مانگەدا حەوت هەزارو ٤٠ هاوبەش، پێوەری ئاویان بەستووە”.

لە شەش مانگدا حەوت هەزار کەس لە سلێمانی پێوەریان بەستووە

+964 بیرتان دەخاتەوە کە وەزارەتی شارەوانی، شەش مانگ دەرفەتی بە هاوبەشانی ئاو دا کە پێوەر ببەستن، بۆ ئەمەش داشکانێکی لە کرێی ئاو و قەرزەکان کرد.

بە پێی فەرمانەکەی وەزارەتی شارەوانی، هەر هاوبەشێکی ئاو کە پێوەری نەبوو بێت، ئەوا لەگەڵ بەستنی پێوەر لێخۆشبوونی بۆ قەرزی پێشتر بۆ دەکرێت، بە جۆرێک بۆ ناو شار لە ٨٠ هەزار دیناری مانگانە کرایە ٢٠ هەزارو دەرەوەی شاریش لە ٨٠ هەزارەوە کرایە تەنیا ١٠ هەزار دینار.

لەگەڵ ئەوەی شەش مانگەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا لە هیچ پارێزگایەکی کوردستان، ژمارەی هاوبەشان کە پێوەریان هەبێت نەگەیشتۆتە ١٠٠٪، ئەمەش پرسی پێدانی دەرفەتێکی دیکەی کردۆتەوە کە ئێستا لە پرس و راوێژ دایە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران.

لە شەش مانگدا ١٢٪ـی هاوبەشانی ئاو لە دهۆک پێوەریان بەستووە

ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک ئاماژە بە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلولی رابردوو دەکات لەنێوان بەڕێوەبەرانی ئاوی شارەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، دەڵێ؛ لەو کۆبوونەوەیەدا پێشناری ئەوە کرا کە ماوەکە بۆ سێ مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.

وتی “پێشنیار کراوە ماوەکە لە دوای سەری ساڵ، درێژ بکرێتەوە تاوەکو نەورۆزی ٢٠٢٣ وەک دوا وادە، ئەو پێشنیارەش دوای بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتیان دێت بۆ بەستانی پێوەر”.

لای خۆیەوە زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ؛ بەشێکی لەوەی تەواوی هاوبەشان پێوەریان نەبەستاوە، کەمتەرخەمی هاوڵاتیانە، وتی “شەش مانگ دەرفەت درا، زۆر کەم خەڵک سەردانی دەکردین، بەڵام دوا هەفتەی ماوەکە، بە لێشاو خەڵک دەهاتن”.

زیاتر وتی “لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیان کەمتەرخەم بوونە، بەڵام پێشنیارمان کردووە ماوەکە درێژ بکرێتەوە”.

بەپێی کۆبوونەوەکەی ئەیلولی رابردوو دێت، ئەوا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی هەرێم، پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەکەی بۆ سێ مانگ داوەتە وەزارەتی شارەوانی، ماوەتەوە وەزیری شارەوانی ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکی حکومەت تاوتوێ بکات، تاوەکو دوا بڕیاری لەسەر بدرێت.