غەسلێکی سلێمانی - وێنە: 964
دەبێت ریسایکلینی ئاو دابنێن
دوا مۆڵەت دەدرێتە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێڵ
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
وەزارەتی شارەوانی بڕیاری داوە سەرجەم شووشتنگەی ئۆتۆمبێڵ و فەرش شۆرەکان ریسایکلینی ئاویان هەبێت، هەر شوێنکارێکیش بەبێ ئەو مەرجە کار بکات سزا دەدرێت.
بڕیارەکە لەژێر رۆشنایی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2021-ی یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەرچوێندراوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 28.9.2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە 964ی وت، “بڕیارەکە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ شارەوانییەکان گشتێندراوە و دەبێت سەرجەم شووشتنگەی ئۆتۆمبێڵ و فەرش شۆرەکان ریسایکلینی ئاویان هەبێت یان دابنێن”.
وەزارەتەکە ئەو بڕیارەی بە ئاڕاستەی ئەوەیە، ئەو ئاوەی بەکاردەهێنرێت بۆ شتنی ئۆتۆمبیل و کەلوپەلی ماڵان، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە ، ئاو کەم سەرف بکرێت، ئاری ئەحمەد وتی، “بەم هەنگاوەش ئاوەڕۆکان لە قوڕولیتەی غەسلەکان پارێزراو دەبن”.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ جارێکی دیکە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێڵ ئاگادارکرانەوە و مۆڵەتی مانگێکیان پێدرا.
بەگوێرەی بڕیارەکە بێت، ئەوانەی سیستمەکەیان هەیە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا کاری پێبکەن، ئەوانەی نیشیانە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا دیزاین پێشکەش بکەن و لەلایەن شارەوانییەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت و جێبەجێی بکەن.
وەک ئەوەی بڕیارەکە ماوەی بۆ جێبەجێکردن داناوە، بەهەمان شێوە سزای جێبەجێنەکردنی دیاریکردووە، بەوتەی ئاری ئەحمەد بێت، “ئەو شوێنکارانەی سیستمی ریسایکلین-یان نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە و پاش پابەندنەبوون شوێنەکەیان دادەخرێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا