یەکێکیان گیانی لەدەستداوە
30 برینداری حەمدانیە گەیەنراونەتە فریاکەوتنی هەولێر
964+
شیراز عەبدوڵا
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا 30 برینداری حەمدانیە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
دکتۆر رەوەند حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو بریندارەی گیانی لەدەستداوە، بەهۆی خراپیی تەندروستی و هەناسەتووندیەوە بووە.
ئاماژەی وەشکرد، ئێستا نزیکەی 20 بریندار لە فریاکەوتنی هەولێر ماون، دۆخی تەندروستی پێنجیان جێگیر نییە.
چی بووە؟
درەنگانی شەوی رابردوو، لە هۆڵێکی شایی و ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیەی نەینەوا ئاگر کەوتەوە، بەهۆیەوە تا ئێستا سەرو 100 کەس سووتاون و گیانیان لەدەستداوە، سەدانی دیکەش بریندارن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی هەزار کەس لەو ئاهەنگەدا بوونیان هەبووە، لەبارەی بارودۆخی بوک و زاواکەوە قسەی جیاواز دەکرا، بەڵام سەرچاوەیەکی پزیشکی لەناو نەخۆشخانەی حەمدانیەوە بە 964ی وت، “بوک و زاواکە لە ژیاندان، بەڵام لە رووی دەروونییەوە رووخاون و کاریگەری زۆری رووداوەکەیان لەسەرە”.
دەوترێت یاری ئاگرین بەر سەقفی هۆڵەکە کەوتووە و ڤیدیۆش هەیە کە پشتیوانی ئەمە بکات.
بەرگری شارستانی ناوچەکە لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت، بۆیان دەرکەوتووە هۆڵەکە ئاگرکوژێنەوە و سیستمی سەلامەتی تیا نییە و لە ئەلیکۆبۆنی خێرا گڕگرتوو دروستکراوە، بەهۆی خراپی بنیادنانەوە بەشێکی هۆڵەکە داڕووخاوە.
قەزای حەمدانیە بەیانیەکی پڕ لە ناخۆشی و خەم و پەژارە بەڕێدەکات، زۆرینەی نەخۆشخانەکانی هەولێر و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەر ئامادەییان نیشانداوە بۆ وەرگرتنی بریندارەکان.