زانیاری هات

ئایا بوک و زاواکەی حەمدانیە لە ژیاندا ماون؟

964+
ئەحمەد مستەفا

چارەنووس نادیاری بوک و زاوای رووداوەکەی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە، بووە بە مەراق لە کاتێکدا نزیکەی یەک هەزار کەس بۆ ئاهەنگی ئەوان کۆ ببوونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی پزیشکی بێت، “بوک و زاواکە زیندوون، بەڵام لە رووی دەروونییەوە روووداوەکە کاریگەری زۆری لەسەر بەجێهێشتوون”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27.9.2023، سەرچاوەیەکی پزیشکی لەناو نەخۆشخانەی حەمدانییەوە بە 964ی وت، “ئەو دوو بوک و زاوایە لە ژیاندان، بەڵام لە رووی دەروونییەوە رووخاون و کاریگەری زۆری رووداوەکەیان لەسەرە”.

بە وتەی هەمان سەرچاوە بێت، “ئەوانیش برینی سووتاوی لەسەر جەستەیان هەیە، بەڵام توانراوە چارەسەری سەرەتاییان بۆ بکرێت”.

لە یەکێک لە هۆڵەکانی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، یاری ئاگرین شایی بوک و زاوایەکی کرد بە شین، هۆڵی ئاهەنگگێڕان ئاگری گرت، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندارەکان زیاتر لە 200 کەسن.

رووداوەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە روویدا، ئاهەنگەکە بۆ پێکهێنانی هاوژینی حەنین ریاز و ئیرڤان ئیشۆ بوو، ئەوانەی بەشداری مەراسیمەکە بوون، دەگێڕنەوە کە هەزار و 200 کەس لەو ئاهەنگەدا ئامادەبوون.

بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، لە کاتی سەمای بوک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدەدرێت و ئاگرێکی گەورە لە هۆڵەکەدا دروست دەبێت، بەرگری شارستانی عێراق، لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت، بۆیان دەرکەوت هۆڵەکە ئاگرکوژێنەوە و سیستمی سەلامەتی تیا نییە و لە ئەلیکۆبۆنی خێرا گڕگرتوو دروستکراوە، بەهۆی خراپی بنیادنانەوە بەشێکی هۆڵەکە داڕووخاوە.

لە نەینەوا هەفتەیەک ماتەمینی راگەیەندرا

لە نەینەوا هەفتەیەک ماتەمینی راگەیەندرا