ئایفۆن 15
بووەتە گاڵتەجاڕی
لە کاتی وەرزشکردندا ناتوانن ئایفۆن 15 بەکاربهێنن
عادل کانەبی
تا دێت رەخنەکان لەسەر ئایفۆن 15 زیاتر دەبێت و لە نوێترین کێشەکان کە رووبەڕووی ئەپڵ بووەتەوە ئەوەیە، ئایفۆنە نوێیەکە لە کاتی تەڕبوونی رەنگی دەگۆڕدرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ئایفۆن 15 چەند بەکارهێنەرێک لە کاتی وەرزشکردن هەستیان بە گۆڕانی رەنگی گۆشەکانی مۆبایلەکانیان کرد، کە ئەمەش بووە هۆی رەخنەگرتن لە کۆمپانیای ئەپڵ.
چەند بەکارهێنەرێکی ئایفۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەر)،بە تەنزەوە نووسیویانە ئەگەر ئایفۆن 15 بەبێ کەڤەر هەڵبگریت ئەوا رەنگەکەی دەگۆڕدرێت، ئەمەش تایەی ئۆتۆمبێلمان بیر دەخاتەوە لە کاتی گەرمبوونیدا سوور دەبێت.
پێکهێنەری سەرەکی بەرهەمە تازەکەی ئەپڵ لە تیتانیۆم پێکهاتووە، کە ئەم مادە کیمیاییە لە کاتی بەکارهێنان بەرگێک دروست دەکات لە رووکەشدا، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی مادەکەیە.
ئەپڵ پێشتر روونکردنەوەی داوە و دەڵێن، ئەمەی روویداوە ئەگەری هەیە بەهۆی بوونی چەوری پێستی بەکارهێنەرەکەوە بێت و ئەم حاڵەتە کاتییە و نامێنێت، هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە بەکارهێنەران دەتوانن بە پارچە قوماشێکی نەرم مۆبایلەکانیان بسڕنەوە و پاک دەبێتەوە.
کۆمپانیای ئەپڵ لە 12ـی ئەیلولی ئەمساڵ نوێترین بەرهەمی خۆی نمایش کرد، کە ئایفۆن 15 و 15 پڕۆماکس بوو، تایبەتیمەندی بەرهەمە نوێیەکەی ئەپڵ ئەوە بوو، بە مادەی تیتانیۆم بەرهەمهێندراوە، کە مادەیەکە تەنیا بۆ فڕۆکە و کەشتی ئاسمانی بەکارهێندراوە، چونکە کێشی کەمە.