پێشانگای هەلی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر. وێنە :964
30 کۆمپانیا بەشدارن
زانکۆیەک لە هەولێر هەلی کار بۆ دەرچووانی دەڕەخسێنێت
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشانگایەکی بۆ کۆمەڵێك کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی کردووەتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی ئەو زانکۆیە بڕەخسێنێت.
كۆڤان عومەر، بەرێوبەری سەنتەری گەشەپێدانی كار لە زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، پێشانگای هەلی کار بەیارمەتی رێکخراوی WFP بەڕێوە دەچێت، لەماوەی 10 مانگی رابردوو راهێنان بە 150 دەرچووی زانکۆ و ئاوارەی کەمپەکان کراوە و هەلی کاریان بۆ رەخساوە.
بەوتەی مامۆستا کۆڤان عومەر ساڵانە ئەو پێشانگایە دەکرێتەوە، تەنیا دەرچووی زانکۆی پۆلیتەکنیک دەتوانن لەو پێشانگایە هەلی کار بەدەست بهێنێنن.
پێشانگاکە لە گۆڕەپانی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەڕێوە دەچێت، 30 کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی بەشدارن.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر 63 بەش لەخۆدەگرێت، لەساڵی 1993 وەک دەستەی پەیمانگە تەکنیکەکان دامەزراوە، بەڵام لە ساڵی 2012 ناوی لێنراوە زانکۆی پۆلیتەکنیک، چوار کۆلیژ و حەوت پەیمانگەی تەکنیکی لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی