هەڵبژاردنی ناوی دەستەی کارگێڕی یانەی دەربەندیخان. وێنە:964+
دەستەی کارگێڕی یانەی دەربەندیخان ھەڵبژێردرا
میلاد جەلال_گەرمیان
دوای چوار مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی دەربەندیخان، ئەمڕۆ یەکشەممە 24.9.2023 دەستەی کارگێڕی یانەكه لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دیاریکران.
لە ھەڵبژاردنەکەدا نۆ کەس خۆیان کاندید کردبوو بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە، کە 186 کەس مافی دەنگدانیان ھەبووە.
بەپێی یاسای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، پێویست بوو هەر کاندیدێک 50+1ـی دەنگی ئامادەبووان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی.
بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە حەوت کەس مافی بوون بە ئەندامی دەستەی کارگێری یانەکەی بەدەستھێنا، کە بڕیارە لەماوەی 24 کاتژمێردا، لەو دەستەیە سەرۆک و جێگر و سکرتێری یانەی وەرزشی دەربەندیخان دیاری بکرێن.
ناو و ژمارەی دەنگەکانی دەستەی کارگێڕی ھەڵبژێردراوی یانەکە بەم شێوەیە بوو:
وریا حسێن 152 دەنگ
ئازاد قادر 150 دەنگ
باوان ئهحمهد 145 دەنگ
عادل محهمهد مهلا حسێن 142 دەنگ
ئاریان صدیق 137 دەنگ
بەڵێن قادر 105 دەنگ
رێژەن نەریمان 100 دەنگ
وریا حسێن ئەندامی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی وەرزشی دەربەندیخان بە 964ى وت”دەنگی یەکەمم ھێناوە، بەڵام ئەگەر لە کۆبونەوەی دەستەی کارگێڕی یانەکە ھەر بڕیارێک بدرێت لەبارەی ئەوەی چ پۆستێکم پێبدرێت پێوەی پابەند دەبم”.
964 دەزانێت ، جەمال عەلی مینا سەرۆکی پێشوی یانەکە، سەرۆکی فەخری یانەکە دەبێت و لەڕووی داراییەوە ھاوکاری یانەی وەرزشی دەربەندیخان دەکات.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن