سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران بە کامێرای چاودێریی دەتەنرێن

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ زیادکردنی هێزەکانیان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کامێرای چاودێری دادەنێن، زانیارییەکان هی وتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنوورن.

 +964 زانیاریی ئەوەی بە دەست هێناوە، لە کۆبوونەوەی ‌هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەگەڵ هەرێم جگە لە زیادکردنی هێزەکانیان، بڕیاریان لە دانانی کامێرای چاودێری “بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا” داوە.

هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتی تورکیاش بۆ سەر خاکی هەرێم، سەرچاوەی بڕیارەکانی پاسەوانی سنووری عێراقە.

عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی یەکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، بە +964ـی وت، “بڕیارەکە بۆ دانانی ژمارەیەک کامێرای چاودێرییە بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا، بەڵام هێشتا ژمارەی کامێراکان دیارینەکراوە.”

50 هەزار پاسەوانی سنوور لە عێراقدا بوونیان هەیە و زیاتر لە شەش هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن، بەم دواییانەش بڕیاری زیادکردنی شەش هەزار پاسەوان بۆ سنوورەکانی هەرێم دراوە.

“ئۆتۆمبێل و کەرەستەی تریش بۆ پاسەوانی سنوور دابین دەکرێت، هەروەها 200 خاڵی سەربازی جێگیر دەکرێن و چاودێریی سنوورەکانی هەرێم بە تورکیا و ئێرانەوە دەکرێت”، عەقید کاروان خۆشناو وای وت.