سۆران.. لە ١١ مانگدا ٢٣٩ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە ١٣ کەس بووەتە قوربانی
+964
ئاسۆ فەیسەڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ماوەی ١١ مانگدا زیاتر لە ٢٣٩ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. موحسین شمزین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران دەڵێ؛ ٤٠٤ کەس بریندار بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی کانونی یەکەم، موحسین شمزین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە +964ـی راگەیاند؛ لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٢٣٩ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە کە زۆرینەی رووداوەکانی هوتوچۆ لە دەرەوەی شارەکان بووەو لە رێگا خێراکان بووە.
زیاتر وتی “زۆربەی رووداوەکان لەدەروەی شاربوون، چونکە ئیدارەی سۆران بەستراوەتەوە بەڕێگەی هامڵتۆن کە ئەو رێگاکەش یەکسایدە قەرەباڵغی زۆری لەسەرە، جگە لەمەش ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی شاخاوییە و بەستەڵەکە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ رووداوی هاتوچۆ”.
بەپێی زانیارییەکانی +964 لە هاتوچۆی سۆران دەستی کەوتووە، بەهۆی ئەو ٢٣٩ رووداوەی روویانداوە، ١٣ کەس گیانی لەدەست داوەو ٤٠٤ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
وتەبێژی هاتوچۆی سۆران، بەکارهێنانی مۆبایل بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی رووداەی هاتوچۆ ناو دەبات و دەڵێ؛ جگە لەمەش پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، هۆکارێکی دیکەیە.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ سەدان کەس گیان لەدەست دەدەن، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم، ساڵی رابردوو ٦٦٢ کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست داوەو حەوت هەزارو ١٢١ کەسی دیکەش بریندار بوونە.