قوباد تاڵەبانی سەرۆک شارەوانییەکانی رانیەو حاجیاوەو چوارقوڕنە دەگۆڕێت

+964

مەجید بتوێنی – راپەڕین

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین دەگۆڕدێن. ئاوارە کوێخا، سەرۆکی شارەوانییە گشتییەکانی راپەڕینیش دەڵێ؛ هەو سەرۆک شارەوانییەک وەک پێویست کارەکانی نەکردبێت دەگۆڕدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی کانونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین لە ئێدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گۆڕانکاری لەپۆستی سەرۆکی سێ شارەوانی کرد.

ئاوارە کوێخا علی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین بە +964ـی راگەیاند؛ گۆڕانکارییەکان بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بۆ ئەو پۆستانەی دەمێکە گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، یان ئەو سەرۆک شارەوانییانەی وەک پێویست کارەکانیان بەجێ نەگەیاندووە.

“جگە لەمانەی سەرەوە، هەر سەرۆک شارەوانییەک چوارساڵ زیاتر لە پۆستەکەیدا مابێتەوە، دەگۆڕدرێت یان ئاڵوگۆڕ بەشوێنەکەی دەکرێت، هەربۆیە سەرەتا بڕیاریاندا گۆڕانکاری لەسێ گەورەترین سەرۆک شارەوانییەکانی رانیەو حاجیاواو چوارقوڕنەدا بکەین”.

+964 دەزانێت، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ١٣ سەرۆک شارەوانی لێیە، سوارە فەتاح لە سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە کراوەتە سەرۆک شارەوانی حاجیاوە، هاوکات بەرهەم رەسوڵ کراوەتە سەرۆک شارەوانی رانیە لە جێگەی عەباس ئەحمەد، ئەندازیار حەسەن زرار کراوەتە سەرۆک شارەوانی چوارقوڕنە لە جێگەی سوارە فتاح.

ئاوارە کوێخا علی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین بۆ +964 ئاسکرایکرد کە لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە ١٠ سەرۆک شارەوانییەکەی دیکەش دەکەن.