هەڵبژاردەی هەولێر دوای سێ یاری یەکەم بردنەوەی تۆمارکرد
964+
هێژا خەسرەو – هەولێر
لە سێیەم یاری قۆناغی دووەمی جامی کۆماریدا، هەڵبژاردەی هەولێر لە هەڵبژاردەی میسانی بردەوە و یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا ئەمەش دوای دۆڕانێک و یەکسانبوونێک.
لە گێمی یەکەم و سەرەتاکانی یارییەکە میسان باشتر یاریکرد، لە خولەکی 23دا عەلی قاسمی کاپتن بە لێدانێکی بەهێز لەدەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی هەولێری هەژاند، بەر لە کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم، محەمەد سەردار بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ هەولێر یەکسانکردەوە.
لە گێمی دووەمیشدا و لە خولەکی 61دا فەرهەنگ وریا لەگەڵ هاتنە ناوەوەیدا گۆڵی دووەم و بردنەوەی هەڵبژاردەی هەولێری تۆمارکرد و یارییەکەیان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە.
دوای بردنەوەیان بۆتان دەهامی بەرگریکاری هەڵبژاردەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، “بردنەوەی ئەم یارییە زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە، لە رووی ئەنجامەوە یارییەکە هەستیار بوو، بەڵام هەوڵەکانمان تەنیا بۆ سەرکەوتن بوو، ئەوەشمان بەدەستهێنا”.
هەولێر ئێستا یارییەکی ماوە بەرامبەر یانەی کەربەلایە و پێویستی بە بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی داهاتووی جامی کۆماری.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی