عەربەت
بەغدا تیمێک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی عەربەت دەنێرێتە سلێمانی
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فرۆكەخانەی عەربەت، بەغدا تیمێكی ئەمنی رەوانەی سلێمانی دەكات، ئەمە بە قسەی دوو ئەفسەری دەزگای هەواڵگری عێراق.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە ئەمڕۆ سێشەممە 19.9.2023 بڵاویکردووەتەوە، دوو ئەفسەری دەزگای هەواڵگری عێراق وتویانە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی شوێنی بۆردوومانەکەیان بە شریت داخستووە و بڕیارە بەغدا تیمێكی ئەمنی رەوانەی شوێنەکە بکات بۆ لێکۆڵینەوە.
یەحیا رەسول: هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت پێشێلکاریی سەروەری عێراقە
یەکێک لە سەرچاوە ئەمنییەکان وتویەتی، هێرشەكە لەلایەن فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیەوە ئەنجامدراوە.
دەوروبەری کاتژمێر 4ـی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە کتوپڕ دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی عەربەت هات، کە وەک فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە، دواتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە و چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
فڕۆکەخانەی عەربەت دەکەوێتە ناحیەی عەربەت، کە تەنیا 23 کیلۆمەتر لەناو شاری سلێمانییەوە دوورە، ئەگەر بە ئاسایی بە سەیارە بڕۆیت بە 20 تا 25 خولەک پێی دەگەیت.