دیمەنی چەند ساتێک پاش تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
"لە ئاسمانی تورکیاوە هاتووە"
یەحیا رەسول: هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت پێشێلکاریی سەروەری عێراقە
964+
توانا نەقی
لەسەر هێرشەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە پێشێلکردنی مافی خاک و سەروەری عێراق ناوی دەبات.
لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، فڕۆکەخانەی عەربەت لە شاری سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردمانکراوە، کە لە ئاسمانی تورکیاوە هاتووە سنووری عێراقەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ پێشمەرگەی دژە تیرۆر و برینداربوونی سێیانی دیکە.
دەشڵێت، ئەو دەستدرێژییە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی یەکپارچەیی خاکی عێراقە، هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لەسەر ناوچەکە و جیهان.
وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ئەم هێرشە دووبارانە لەگەڵ پرەنسیپی پەیوەندی دراوسێیەتی نێوان وڵاتان ناگونجێت و هەڕەشەی تێکدانی پەوەندییەکان دەکات و عێراق مافی خۆیەتی کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنێت.
دەورووبەری کاتژمێر 4ـی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە کتوپڕ دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی عەربەت هات، کە وەک فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە، دواتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە و چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە
فڕۆکەخانەی عەربەت دەکەوێتە ناحیەی عەربەت، کە تەنیا 23 کیلۆمەتر لەناو شاری سلێمانییەوە دوورە، ئەگەر بە ئاسایی بە سەیارە بڕۆیت بە 20 تا 25 خولەک پێی دەگەیت.