ڤیدیۆ: سیروانی نوێ بووە پاڵەوانی کوردستان
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
خولی لاوانی یانەکانی کوردستان کۆتایی هات و یانەی سیروانی نوێ بووە پاڵەوان.
لەسەر یاریگەی زانکۆ لە شاری سلێمانی، یاریی کۆتایی خولی تۆپی پێی لاوانی یانەکانی کوردستان بۆ وەرزی 2022-2023 لە نێوان هەردوو یانەکانی سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی بەڕێوەچوو، بە درێژایی هەردوو گێمەکە یاریزانانی هەردوو یانە نەیانتوانی سوود لە هەلەکان وەربگرن و کاتی یاسایی یارییەکەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، دواتر بۆ دەستنیشانکردنی پاڵەوان، ناوبژیوان پەنایی بردە بەر لێدانە یەکلایی کەرەوەکان و یانەی سیروانی نوێ بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەربە دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی کوردستان.
دوای یارییەکە سروشت ئەحمەد راهێنەری یانەی سیروانی نوێ بە 964ـی وت، سوپاس بۆ خودای گەورە کە توانیان نازناوەکە بەدەست بهێنن، لە یارییەکەدا یاریزانەکانیان توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و شایستەی نازناوەکە بوون.
لە بەرامبەردا رێباز سدیق راهێنەری پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، یاریزانەکانی لە یەک کاتدا بەشداری دوو خولی جیاوازیان کردووە هەربۆیە لە یارییەکەدا هیلاکیان پێوە دیار بووە، بەڵام لە ئاستی یاریزانەکانی رازییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا