پاش دوو هەفتەی دیکە ئایفۆن 15 لە کوردستان بەردەست دەبێت

964+
ئەحمەد مستەفا

پاش دوو هەفتەی دیکە، ئایفۆن 15 لە یەک کاتدا لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بەردەست دەبێت، پاش 48 کاتژمێر لە راگەیاندنی دەتوانن ناوی خۆتان بنووسن.

کۆمپانیای ئەسێ لە هەرێمی کوردستان بریکاری فەرمی کۆمپانیای ئەپڵە، لەگەڵ نمایشکردنی بەرهەمەکە وردە وردە، وەجبەی یەکەمی پێدەگات، بەپێی داواکارییەکان بۆ خوازیارانی دابین دەکات.

باوەڕ جەمال، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای ئەسێ بە 964ی وت، “لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستدەکەن بە ناونووسینی خوازیاران، بەڵام هەر لە ئێستاوە خوازیاران مەبەستیانە نرخەکەی بزانن، ئەوەش تا کاتی راگەیاندنی نازانرێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەوان لە یەک کاتدا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئایفۆنەکە بەردەست دەخەن، پێش ئەو وادەیە هەر ئایفۆنێک بەردەست ببێت بلۆک دەکرێ، بۆیە پەیوەست دەبن بە رێنماییەکانی کۆمپانیای ئەپڵەوە”.

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای ئەپڵ لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە هۆڵی ستیڤ جۆبس لە پارکی کۆمپانیای ئەپڵ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا نوێترین ئایفۆن نمایش بکات، ئەویش ئایفۆن 15 و 15 پڕۆیە .

بە گوێرەی زانیارییەکان کۆمپانیای ئەپڵ چەند گۆڕانکارییەکی نوێی لە مۆبایلە تازەکەیدا کردووە، لەوانە دەرچەی تایپ سی زیاد کردووە، کە یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات بە کاتێکی کەمتر و بە کێبڵی مۆبایلەکانی دیکەش شەحن بکەنەوە.