دیمه‌نێك له به‌شێكی وانه‌بێژانى هه‌رێم له‌وكاتى خۆپیشانداندا ... فۆتۆ : 964+
نوێنه‌رى وانه‌بێژان: كارێكى ناڕه‌وایه
زیاتر له 300 مامۆستای وانه‌بێژ له ده‌وامكردن دوورخرانه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەپێی زانیارییه‌كانى 964 ژماره‌یه‌كی زۆرى مامۆستاى وانه‌بێژ له ناوه‌نده‌كگانى خوێندن له هه‌رێمى كوردستان له ده‌وامكردن دوورخراونه‌ته‌وه، وته‌بێژى مامۆستایانى وانه‌بێژیش ئه‌و هه‌واڵه پشتڕاستده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت “زیاتر له 300 مامۆستان”.
عەلی رەئوف، نوێنه‌رى گشتیی مامۆستایانى وانه‌بێژ له هه‌رێمی كوردستان، دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و مامۆستیایانه به كارێكی ناڕه‌وا ده‌زانێت و ده‌شڵێت “له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر خه‌تین بۆ گێڕانه‌وەیان”.
مامۆستایانی وانه‌بێژی پشده‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆت ده‌كه‌ن
به قسه‌ى عه‌لى ره‌ئوف ته‌نیا له په‌روه‌رده‌ى ناوه‌ندى هه‌ولێر 150 مامۆستا ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه كراون و له هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ى رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی سلێمانیش نزیكه‌ى 100 مامۆستا و له په‌روه‌رده‌كانى گه‌رمیان و زاخۆ و دهۆك و راپه‌ڕینیش ژماره‌یه‌ك مامۆستاى وانه‌بێژ له ده‌وامكردن دوورخراونه‌ته‌وه.
وتیشی “كۆى گشتى ئه‌و مامۆستایانه‌ى دوورخراونه‌ته‌وه زیاتر له 300 مامۆستان”.
له باره‌ى هۆكارى دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و مامۆستایانه‌ش عه‌لى ره‌ئوف وتى “زۆرى میلاک له‌و په‌روه‌ردانه و هه‌روه‌ها بوونى مامۆستاى ته‌نسیبیش كه شوێنیان گرتوونه‌ته‌وه هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ن”.
دووپاتیشیكرده‌وه، په‌یوه‌ندیان به وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و به‌شێك له په‌روه‌رده‌ى شاره‌كان كردووه و به‌ڵێنیان پێداون چاره‌سه‌رى ئه‌و گرفته‌یان بۆ بكه‌ن.
له هه‌رێمی كوردستان، 35 هه‌زار و 400 مامۆستا وه‌ك وانه‌بێژ وانه ده‌ڵێنه‌وه، كه ده‌كاته زیاتر له 29%ی رێژه‌ی مامۆستایان له كوردستان، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه له رێگه‌ى خۆپێشاندان و پێشكه‌شكردنى یاداشت داوایان له حكومه‌ت كردووه بكرێنه مامۆستای هه‌میشه‌یی.