جامی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاندووە 90 ملیۆن دیناریان لێ دزیووە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لەشاری کەرکوک بڕی 90 ملیۆن دیناری هاوڵاتیەک دزرا.

رووداوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بووە، لە شەقامی مەجیدییە و بەدیاریکراوی لە بەردەم هوتێل قەسر کەرکوک.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک بە 964ی وت، “رووداوەکە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە، هاوڵاتییەک بڕی 90 ملیۆن دیناری لە یەکێک لە دوکانەکانی ئاڵوگۆری دراو لەشەقامی مەجیدیە وەرگرتووە و خستوویەتیە ناو ئۆتۆمبێلەکەی، دوای ئەوەی شۆفێرەکە بۆ بازاڕیکردن دەڕوات، جامی ئۆتۆمبێڵەکەی دەشکێنن و پارەکە دەبەن”.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە رێگەی کامێراکانی چاودێریەوە”.

شەقامی مەجیدیە دەکەوێتە سەنتەری شاری کەرکوک و لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر دوکانی لێیە چەند فەرمانگەیەکی حکومی لەو شەقامە هەیە.

پیداچوونەوە: فەهمی نەبی