چەمچەماڵ پڕۆژەی هاندانی کتێبی کۆتایی هات

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لە چەمچەماڵ، پڕۆژەی هاندانی کتێب کە ماوەی ١٠ مانگی خایاند، کۆتایی پێهات و ٣٠٠ بەشداری پڕۆژەکەش خەڵات کران. وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێ؛ ساڵی داهاتوو بە بەرنامەی نوێوە درێژە بە خولەکە دەدەین.

+964 دەزانێت؛ پڕۆژەکە لە نۆ کتێبخانەی چەمچەماڵ و ناوچەکانی دەوروبەری کرابووەوە، ٣٠٠ خوێنەر بەشدارییان تێدا کرد و بێ دیاریکردنی یەکەم و دووەم و سێیەم هەریەکەیان بە بڕی ٥٠ هەزار دینار خەڵات کران.

هاشم نامیق، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پڕۆژەکە بە +964ـی راگەیاند: ئەم پڕۆژانە بۆ ئاشتکردنەوەی خوێنەر و کتێب زۆر گرنگە، چونکە کولتوور و پەروەردە دوو بنەمای سەرەکیی پێشکەوتنی میللەتانن.

پڕۆژەکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێ کردووەو هەر مانگە و لە کتێبخانەیەک ئەو کارەیان کردووە. بودجەی پڕۆژەکە ٢٠ ملیۆن دینار بووەو لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمەوە دابین کراوە.

کاروان خورشید، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ بۆ +964 دەڵێت؛ پڕۆژەکە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خوێندنەوە.

کتێبخانەکان پێک هاتبوون لە کتێبخانەی بازیان، پیرەمەگروون، دوکان، پێنجوێن، چوارتا، شارەزوور، سەیدسادق، دەربەندیخان و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ.

ئەیوب کوێخا رۆستەم، نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی کۆتایی پڕۆژەکەدا بە +964ـی وت: “لە ساڵانی داهاتوودا پڕۆژەکە پەرە پێ دەدەین، ئەمساڵ خوێنەرەکان خۆیان کتێبیان دیاری کردبوو، ساڵی داهاتوو خۆمان کتێب دیاری دەکەین بەتایبەت کتێبە نەتەوایەتییەکان.”