
نرخی پێوەری ئاو بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە
ئاو نا.. نرخی پێوەری ئاوی فڕی
+964
مەجید بیتوێنی- رانیە
لە ٧٥ هەزار هاوبەشی ئاو لە رانیە، ٦٧ هەزاریان پێوەری ئاویان بەستووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی رانیە دەڵێت؛ هۆکارەکەی ئۆفەرەکەی حکومەتە کە وایکردووە خواستی زۆر لەسەر پێوەری ئاو هەبێت بەمەش نرخەکەی بەرز کردۆتەوە.
بە پێی بەدواداچوونی +964، نرخی پێوەری ئاو لە بازاڕدا لە ٣٥ هەزار دینارەوە بۆ ٥٠ هەزار دینار بەرز بۆتەوە. هەروەها پێوەری تورکی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و پۆڵەندی بوونی هەیە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە +964ـی وت؛ بەدەمەوەچوونێکی زۆر هەیە بۆ بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش وایکردووە خواستێکی زۆر لەسەر پێوەری ئاو هەبێت.
دەشڵێت؛ فشارێکی زۆر هەیە و کۆمپانیاکان ئازادن لە فرۆشتنی، چونکە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نیە تا چاودێرییان بکرێت.
حکومەتی هەرێم، رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنی پێوەری ئاو دیاری کردووە و هەرکەسێکیش تا ئەوکاتە پێوەرەکەی تۆمار نەکردبێت ٨٠ هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەوەش وای لە هاوڵاتییان کردووە پێوەر ببەستن و تۆماریشی بکەن.
سۆران عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆرانۆس تایبەت بە پێوەری ئاو بە +964ـی وت “ماوەی مانگێکە هاوڵاتییەکی زۆر سەردانی کۆمپانیا دەکەن بۆ بەستنی پێوەری ئاو، بۆیە داوایان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە ماوەی لێخۆشبوون درێژ بکەنەوە تا هاوڵاتییانیش سوودمەند ببن و دواجار سامانی ئاو پارێزراو بێت.”