ئاوەدانکردنەوەی موسڵ هەلی کاری بۆ گەنجانی شارەکە نەڕەخساندووە

+964

دیسکی عەرەبی

هەزاران باڵەخانە لە موسڵ لەژێر دووبارە ئاوەدانکردنەوە دان، بەشێک لە گەنجانی شارەکەش دەڵێن؛ لەم هەموو کارەدا دەرفەتی کار بۆ ئێمە نەرەخساندووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاماری نەینەوا رایگەیاند؛ زیاتر لە 55 هەزار باڵەخانە لە پارێزگای نەینەوا لە ئەنجامی داگیرکاری رێکخراوی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیانیان پێگەیشتووە.
نەوفڵ سلەیمان، بەڕێوەبەری سەرژمێریاری نەینەوا بە +964 راگەیاند؛ لە ئەنجامی شەڕی داعش لە پارێزگای نەینەوا زیان بە هەزاران باڵەخانەی مەدەنی و حکومی کەوتووە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 55 هەزار باڵەخانەی جۆراوجۆر.


عەبدولسەتار ئەلحەبۆ، بەڕێوەبەری شارەوانی موسڵ، ئەوەی بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستکردەوە کە “ئەم ژمارەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 و لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا توانراوە 75٪ی داروپەردووی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە رووخاوەکان لاببرێن و پاک بکرێنەوە و ئاوەدان بکرێنەوە، یان دەتوانرێت بڵێین نزیکەی 40 هەزار باڵەخانە و بیناو و شوێنی نیشتەجێ بوون ئاوەدان بکرێنەوە”.
ئەلحەبۆ دەڵێت “کارمەندانی شارەوانی و هاوڵاتیان بەبێ ووچان کاریان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەی لە ئەنجامی شەڕی داعشدا وێران و کاول بوون کە بێگومان بەشێکی گەورەی لێ ئاوەدانکراوەتەوە، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی خزمەتگوزاری نوێ و دروستکردنی بینای گرنگ لە شارەکەدا، هەروەها کارەکان هێشتا بەردەوامن بۆ تەواوکردنی ئەوەی کە ماوە”.

پێدەچێت هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوە، هەلی کاری پێویستی بۆ گەنجانی شارەکە نەڕەخساندبێت، ژمارەیەک لەو گەنجانە کە بەپێی وەسفی خۆیان دەڵێن “گوێ پێنەدانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بۆ چارەنووسی گەنجان و شکستهێنانیان لە دابینکردنی هەلی کاری گونجاو، لەڕێگەی دامەزراندن یان پالپشتیکردنیان لە کەرتی تایبەتەوە” ناڕەزایی زۆری لێکەوتۆتەوە.
فوئاد ئەحمەد، کە یەکێکە لە دەرچووە بێکارەکان، بە تۆڕی +964 راگەیاند “ئەو هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوانەی ئەنجام دەدرێن لەلایەن حکومەت یان رێکخراوەکانەوە، هەلی کار دەڕەخسێنن، بەڵام بۆ هاووڵاتی سادە نا، چونکە زۆربەی بە تەزکییەی حکومی یان رێکخراوەکان دەدرێن بەمنداڵی بەرپرسەکان، کە بووەتە نۆرمێک بۆ دامەزراندن”.