پێنج رێکخراوی بواری ئەنفال لە چەمچەماڵ: غەدرمان لێکراوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

پێنج رێکخراوی تایبەتمەندی بواری ئەنفال، ناڕازین لەو گرێبەستەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەزگایەک کردوویەتی لەبارەی ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی کانونی یەکەم، پێنج رێکخراوی بواری ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ گردبوونەوە، ناڕەزایەتی خخیان نیشاندا لەدژی دوو رێکخراوی دیکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردی لەگەڵ کردوون، دەڵێن؛ هیچ پێشینەیەکیان نیە، بەڵام وەزارەتی شەهیدان بەشێک لە قسەکانیان رەتدەکاتەوە.

هەریەکە لە رێکخراوی ژیانەوە، رێکخراوی عەرعەر، رێکخراوی مانەوە، رێکخراوی دۆز و رێکخراوی چەرمۆ، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەڵێن؛ گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای ( Kg looby center) بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژی دژی کورد، لە جێی خۆی نیەو ئەو دەزگایە نەناسراوەو هیچ پێشینەیەکی لەبواری ئەنفال نیە.

+964 پێشتر بەدواداچوونی لەسەر گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای  ( Kg looby center) کردووە کە گرێبەستەکە بە بڕی 378 هەزار و 600 یۆرۆ کە دەکاتە 587 ملیۆن و 400 هەزار دیناری عێراقی، وەزارەتی شەهیدانیش لەبارەی گرێبەستەکەوە لە بەیاننامەیەکدا لە وەڵامی پەرلەمانتاران و رای گشتی، رایگەیاند؛ دەزگایەکە ئۆفیسی سەرەکی لە هۆڵەندایەو کاری کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانە لەسەر پرسی کۆمەڵکوژی و پێدانی بە دادگای لاهای.

ئەو پێنج رێکخراوە لە بەیاننامەکەیاندا کە ئاراستەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و رای گشتی کردووە، دەڵێن؛ پێویستە کارکردن بۆ ناساندنی پرسی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە پیشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێم بێت، بەڵام کابینەی نۆ کە چاکسازی کردووەتە دروشمی خۆی، کەچی لە پرسی جینۆسایدی گەلی کور فەرامۆشییەکی تەواو هەستی پێدەکرێت، باشترین بەڵگەش نەگەڕاندنەوەی روفاتی 171 ئەنفالکراوە لە بەغداوە بۆ کوردستان کە ماوەی سێ ساڵە چاوەڕوانی هێنانەوەی روفاتی کەسوکارمانین.

بەکر حەمە حوسێن، کەسوکاری ئەنفال و نوێنەری رێکخراوەکانی بواری ئەنفال کە بەیاننامەی هاوبەشی پێنج رێکخراوەکەی خوێندەوە دەڵێ؛ ئێمە پێمان سەیرە ئەو دوو رێکخراوە ئەو بڕە پارەیەیان پێدەدرێت، لەکاتێکدا ئەوەندە نەناسراون کە هەژماریان نیە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی.

لەوبارەیەوە، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە 964+ی وت، “ئەوە راست نییە کە ئەو دوو رێکخراوە مۆڵەتیان نەبێت، لە راستیدا مۆڵەتی وڵاتی هۆڵەنداشیان هەیە و زۆر چالاکن”.

ئەو وتی، ئەو بڕە پارەیەیان بە چەند قۆناغێک بۆ سەرف دەکرێت تاوەکو لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان کار لە بابەتی ئەنفال بکەن و لۆبی بۆ بکەن.