ژەنراڵەکەی قیامەت دەرکەوتەوە

+964

ژووری هەواڵ

یەکێکە لە دڕندەترین فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا، دەدا بەسەر هەر شوێنێکدا ماڵوێرانی بڵاودەکاتەوە، بەوە ناسراوە ئەو شوێنەی ئەو پیایدا تێدەپەڕێ نە کەس بە پێوە دەمێنێت، نە ماڵ و نە درەخت و نە رێوبان لە شوێنی خۆیاندا دەمێنن.

ژەنەراڵ سێرگی سورۆڤیکین، ئەوەی رووسەکان پێی دەڵێن “ئارماگادۆن” و نەیارەکانیشی پێی دەڵێن ژەنراڵی قیامەت، چونکە دەڵێن ئەو لە هەر شوێنێک بێت قیامەت هەڵدەستێت.

سێرگی ماوەیەک فەرماندەی هێزی ئاسمانی روسیا بوو، ماوەیەکیش فەرماندەی یەکەمی بەڕێوەبردنی شەڕەکەی ئۆکراینا بوو، لە شەڕەکانی سوریا و ئەفغانستان بەشداری کردووە و پوتین چەند جارێک مەدالیای پاڵەوانی پێ بەخشیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دۆستە هەرە نزیکەکانی پریگۆژینی سەرۆکی ڤاگنەر بوو، بۆیە پوتین لە پۆستەکەی لایبرد و خرایە کونجی زیندانەوە.

کاتێک لە مانگی حوزەیرانی رابردوو ڤاگنەر هێزەکەی بەرەو مۆسکۆ جوڵاندو هەوڵی کودەتای دا، ژەنەراڵ سورۆڤیکین لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و داوای لە چەکدارانی ڤاگنەر کرد لە دەوڵەتی روسیا هەڵنەگەڕێنەوە، بەڵام ئەم قسەیە دادی نەدا، هەر دوای ئەوە بە بڕیاری پوتین دەستگیرکرا و خرایە زیندانی بەدناوی (لێفۆڕتۆڤۆ) کە لە مەترسیدارترین زیندانەکانی روسیایە.

زۆربەی دەنگوباسەکان دەیانوت پوتین ئەم ژەنراڵەشی لەناوبردووە، بەڵام دوێنێ بەشێوەیەکی کتوپڕ لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە مۆسکۆ دەرکەوتەوە.

ژەنەراڵە شەڕخوازەکە پانتۆڵێکی کاوبۆ و کراسێکی نەرم و شلی لەبەردایە و بە چاویلکە و کاسکێتێکەوە قۆڵی لە قۆڵی خانمەکەیدایە و پیاسە دەکات.

کسێنیا سۆبچاک رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی روسییە، ئەو وێنەی ژەنەراڵەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، وێنەکە رۆژی دووشەممە گیراوە و ژەنراڵە روسیەکە ساغ و سەلامەتە.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی دەڵێن سورۆڤیکین تەنیا بەڕواڵەت ئازادە و لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکراوە. بەڵام گومانەکان لەوە زیاترن و کەس نازانێت پلانی پوتین چییە.

قسەیەکی جدی هەیە دەڵێت، رەنگە پوتین ژەنراڵەکەی قیامەت ئامادەبکات بۆ ئەوەی ڤاگنەری بداتە دەست، نەیارەکانی روسیاش دەڵێن، ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا هەموو جیهان خۆزگە بە پریگۆژین دەخوازێت، چونکە ڤاگنەری سەردەمی سورۆڤیکین زۆر مەترسیدارتر دەبێت و تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت.