کاسبکارانی عەلوەی کەلار تاقەتیان نەما بۆ پێنج کیلۆ تەماتە پێنج هەزار بدەن
964+
هونەر فارس – گەرمیان
دوای بێ ئومێد بوون لە چارەسەرکردنی گرفتەکەیان، کاسبکارانی عەلوەی کەلار ئەمڕۆ نوسراوێک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە دەکەن و داوای بەدەمەوە هاتنی کێشەکانیان دەکەن.
بەهۆی زیادکردنی پارەی خزمەتگوزاری و وەرگرتنی پارە بە ناوی پشکنینەوە لەو ئۆتۆمبیلانەی کە بەمەبەستی بەتاڵکردنی بارەکانیان روو لە عەلوەی کەلار دەکەن، کاسباکانی عەلوەکە ماوەی پێنج رۆژە نەچونەتەوە شوێنەکانیان و لە دەرەوەی عەلوەکە بەرهەمەکانیان ساغدەکەنەوە.
ئەوانەی کە خاوەن قاتعن لە عەلوەکەدا نیگەرانن لە زیاد کردنی پارەی خزمەتگوزاری، 964 قسەی لەگەڵ کردوون و دەڵێن “کۆمپانیا دەیەوێت پارەی خزمەتگوزاریمان لە 125 هەزارەوە بۆ 175 هەزار زیاد بکات”.
ئەوانەشی کە جوتیارن یاخود شۆفێری بارهەڵگرن و بەمەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەم روو لە عەلوەکە دەکەن، دەڵێن: بۆ هەر ئۆتۆمبیلێکی بچوک حەوت هەزار و بۆ هەر بارهەڵگرێکی گەورە 15 هەزارمان لێ وەردەگیرێت.
964 دەزانێت، دوای بێ ئومێد بوونیان لە چارەسەرکردنی گرفتەکەیان، ئەمڕۆ کاسبکارانی عەلوەکە نوسراوێک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
-دیاریکردنی خاوەنداریەتی عەلوەکە، کە تاکو ئێستا خاوەنداریەتیەکەی دیار نییە.
-نەمانی پشتگیری باج کە لەلایەن کۆمپانیای سەبجەوە لێیان وەردەگیرێت.
-دیاریکردی پارەی خزمەتگوزاری بەپێی یاسا و جگە لە کۆمپانیای پشکنین کەس پارە وەرنەگرێت.
-لیژنەی عەلوە بگۆڕدرێت و کاسباکارانی عەلوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کۆبوونەوەیەکیان بۆ رێکبخرێت.
964دەزانێت، عەلوەی کەلار خۆی لە 116 قاتع دەبینێتەوە و لە ساڵی 2014وە دروستکراوە و ماوەی سێ ساڵە کاسبکاران کاری تێدا دەکەن، بەڵام تا ئێستا خاوەنداریەتی عەلوەکە دیار نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش خۆیان بەرامبەر گرفتەکانی عەلوەکە بێدەنگ کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی