پێشمەرگە دەستەی راهێنەرایەتی بۆ خولی عێراق دەستنیشانکرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق، دەستەی راهێنەرایەتی دەستنیشانکرد.

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی عەمار حسێن بۆ راهێنەرایەتی تیپی تۆپی پێی یانەکە دەستنیشانکرد.

وسام بازک سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بە 964ـی وت، تیپەکەیان لە وەرزی ئەمساڵدا ئامانجێتی بگاتە ریزی یانە پلە نایابەکانی عێراق.

وتیشی، دوای دەستنیشانکردنی دەستەی راهێنەران، دواتر پێکهاتەیەکی بەهێز دروست دەکەن تاوەکو لەم وەرزەدا ئامانجەکەیان بەدی بهێنن.

ماوەی سێ وەرزی رابردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی رکابەری سەرکەوتنیان دەکرد، بەڵام نەیانتوانی ئامانجەکە بەدی بهێنن، بۆیە لەم وەرزەدا هەوڵ ئەدەن خەونی سەرکەوتن بۆ خولی نایاب بەدی بهێنن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی