چۆن و له‌كوێ جامی جیهانى 2022 دروستكراوه‌؟

964+

فەرهاد حەسەن – هەولێر

له‌ كارگه‌یه‌كی وڵاتى ئیتاڵیا و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فیفا، هه‌ر چوار ساڵ جارێك جامى جیهانى دروست ده‌كرێت.

كارگه‌ی (جی دی ئای بیرتۆنى)، له‌ شاری بادیرنۆ دوگنانۆى باكورى ئیتاڵیا، ئه‌ركى دروستكردنى ئه‌و جامه‌ى له‌ ئه‌ستۆدایه‌، به‌ڵام جامێكی وێچوو و كۆپیكراوه‌، جامی جیهانى 2022ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌و كارگه‌یه‌ دروست كراوه‌.

پێكهاته‌ى دروستكردنى ئه‌و جامه‌ له‌ مادده‌كانى بڕۆنز و نوحاس پێكهاتووه‌، كه‌ به‌ زێڕى عه‌یار 18 رووپۆش كراوه‌، كێشه‌كه‌ى شه‌ش كیلۆگرام و به‌رزییه‌كه‌شى 37 سانتیمه‌ره‌.

سلفادۆر ئینتى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رهه‌می ئه‌و كارگه‌یه‌ ده‌ڵێت، “ئه‌و جامه‌ کۆپیکراوە زۆر به‌ووردى كارى دروستكردنه‌كه‌ى بۆ ئه‌نجام دراوه‌، له‌وه‌ناچێ جیابكرێته‌وه‌ له‌ جامه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌”.

پێشتر په‌یكه‌رتاشی ناودارى ئیتاڵى سیلڤیۆ گازانیگا بۆ یه‌كه‌مجار نه‌خشه‌ى ئه‌و جامه‌ى ئێستاى له‌ ساڵى 1974 كێشا و له‌ناو ده‌یان نه‌خشه‌سازى ترى جیهانى، نه‌خشه‌كه‌ى ئه‌و په‌سه‌ندكرا. ئه‌وكات كه‌ دروستیش كرا، %75ی پێكهاته‌كه‌ى زێڕ بووه‌.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك ئه‌و جامه‌ دزراوه‌، ناچار فیفا له‌ مۆزه‌خانه‌ى (جیهانى تۆپی پێ) له‌ شاری زیوریخی سویسرا پاراستوویه‌تى.

له‌وه‌ته‌ى ساڵى 1930 تا ئێستا، ئه‌و جامه‌ دوو شێوه‌ نه‌خشه‌ى به‌خۆوه‌ بینیوه‌، كه‌ یه‌كه‌میان له‌ سه‌رده‌مى (جۆن ریمیه‌) وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكى  فیفا، كه‌ پێكهاته‌كه‌ى له‌ زیو دروستكرا و به‌ زێڕیش رووپۆش كرا، شێوه‌ى سه‌ر جامه‌كه‌ش وێنه‌ى خواوه‌ندى سه‌ركه‌وتنى یۆنانیه‌كانى له‌سه‌ر نه‌خشێندرابوو.

دووه‌میشیان له‌ ساڵى 1974 تا ئێستا وێنه‌ى دوو كه‌سی له‌سه‌ر نه‌خشێندراوه‌ گۆى زه‌وییان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌. كه‌ نه‌خشه‌كه‌ى له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رتاشی ئیتاڵی گازانیگا کراوە.

به‌پێی ئه‌و یاداشته‌ى كه‌ فیفا نوسیویه‌تى، ئه‌و وڵاته‌ى جامه‌كه‌ ئه‌باته‌وه‌ ناتوانێ تاهه‌تا خۆ بكاته‌ خاوه‌ندارى ئه‌و جامه‌، به‌ڵكو ته‌نها بۆ ماوه‌ى 4 ساڵ پارێزگارى له‌و جامه‌ ده‌كات و دواتریش جامێكى كۆپیكراوى بۆ ده‌هێنرێت و جامه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ش له‌لایه‌ن فیفاوه‌ پارێزگارى لێده‌كرێ .