لە سلێمانی گۆڕستانێک دەکرێتە پارە

964+

دیلان محەمەد جەزا

گۆڕستانی نوێ له‌ سلێمانى کارەکانی تەواو بووە، چاوەڕوان ده‌كرێت كۆمپانیایه‌ك له‌رێگه‌ى زیادكردنى ئاشكرا وه‌ریبگرێت، یه‌كێتی زانایانیش ده‌ڵێت، نرخی گۆڕ هەڵکەندن تیایدا گونجاو دەبێت.

گۆڕستانى وه‌یساوه‌، ده‌كه‌وێته‌ به‌شی خوارووى شارى سلێمانى و  بە شێوازێکی مۆدێرن دیزاینکراوە و پەرژینی هەیە، له‌مه‌ودوا هه‌ر كه‌سێك له‌ سلێمانى گیان له‌ده‌ست بدات له‌و گۆڕستانه‌ ده‌نێژرێت.

کارەکانی ئه‌و گۆڕستانه‌ دیارکراوە، پێکهاتووە لە هەڵکەندن و دانانی ئەو بلۆکانەی دەخرێنە ناو گۆڕەکە و لەگەڵ کێلەکاندا، نرخی هەڵبەستنەوەى گۆڕه‌كه‌ش بە ویستی خاوه‌نه‌كه‌ى داده‌ندرێت.

لە گۆڕستانەکەدا کەس ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی گۆڕ هەڵبکەنێت، دەبێت لەلایەن ئەو ستافەوە بێت کە گۆڕستانەكه‌ بەڕێوەدەبات، بۆ هەرگۆڕێکیش سنورێکی بۆ دیاریکراوە، نابێت لێی لابدەن.

عەتا محەمەد، جێگری یەکێتی زانایانی ئایینی بە 964ـی راگەیاند  “نرخێک دیاریدەکرێت لە لایەن لیژنەی شارەوانیەوە، هەر کەسێک گۆڕستانەکە وەربگرێت، دەبێت لە خوار ئەو نرخەوە بێت کە ئێستا لە گۆڕستانەکان وەردەگیرێت”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن