لە مانگێدا عێراق هەشت ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە

فەهمی نەبی

وەزارەتی نەوتی عێراق داتاکانی فرۆشتنی نەوتی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی داتاکان بێت لەو مانگەدا عێراق زیاتر لە 106 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و زیاتر لە هەشت ملیار دۆلاری دەستکەوتووە.

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشتنی نەوتی مانگی هەشتی بڵاوکردەوە، لەو مانگەدا عێراق بە بەهای هەشت ملیار و 846 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە.

بڕی نەوتی فرۆشراو لە کێڵگە نەوتیەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گەیشتووەتە، 105 ملیۆن و 236 هەزار و 963 بەرمیل، بەڵام نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە 464 هەزار و 725 بەرمیل، هاوکات لە کێڵگەی گەیارە 421 هەزار و 186 بەرمیل هەناردە کراوە.

بەمەش بەکۆی گشتی رۆژانە عێراق سێ ملیۆن و 423 هەزار بەرمیلی فرۆشتووە، هەر بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 35 سەنت بووە.

راگەیاندنی داتاکانی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، لە 25.3.2023 فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیلی رەوانە دەکرد.