لە خواردنی زەیتونی خۆشکراو دوور بکەونەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

زۆرینە زەیتونە خۆشکراوەکان لە هەرێمی کوردستان زیانی تەندروستییان هەیە؛ پسپۆڕێکی بواری خۆراک وا دەڵێت، “رێژەیەکی زۆری هایدرۆکسیدی سۆدیۆمی تێدا بەکار دەهێندرێت.

964+ لە زاری فرۆشیارانی تورشیاتەوە دەزانێت، دوانزە جۆر زەیتوونی خۆشکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن و زۆرینەشیان بە شێوەیەکی ناتەندروست خۆش دەکرێن.

لەشکر حەمید، پسپۆڕی بواری خۆراک بە 964+ـی راگەیاند: بەکارهێنانی هایدرۆکسیدی سۆدیۆم بە رێژەی کەم ئاساییە لە خۆشکردنی زەیتوندا، بەڵام لە هەرێم بۆ زووتر خۆشکردنی زەیتونەکە رێژەیەکی زۆری ئەو مادەیەی تێدەکەن.

“ئەو کەسانەی بە کاری دەهێنن تووشی نەخۆشی پێست، تەنگەنەفەسی دەبێت و هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی رەبۆ و سووتانەوەی سورێنچک و ناوگەدە”، لەشکر حەمید وای وت.

هایدرۆکسیدی سۆدیۆم ماددەیەکی نائۆرگانیی سووتێنەرە، پڕۆتینەکان شی دەکاتەوە و سووتانی کیمیایی تووند دروست دەکات.

بە پێی زانیارییەکانی قائیمقاییەتی سلێمانی کە بە 964+ دراوە، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن تورشیاتی خۆشکراو بە هایدرۆکسیدی سۆدیۆم لە ناوبازاڕی سلێمانی لەناو براوە.

حەجی حەمە خالید، کە ٥٠ ساڵە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دوکانی فرۆشتنی تورشیاتی هەیە، بە 964+ـی وت: “ئەو دەرمانە هێندە خراپە لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەمووی دەبێت بە کەف و هەرچیی باشیی زەیتوونەکەیە بەفیڕۆ دەچێت.”

دەشڵێت؛ ئەگەر زەیتونێک بە تەندروستی خۆش بکرێت دەبێت هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاوەکەی بگۆڕدرێت، دواتر بخرێتە و ئاو و خوێیەکی خەستەوەتا سێ مانگ.