گه‌له‌گورگ واز لە مه‌ڕه‌كانى ناحیەی گردەسێن ناهێنێت

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

سەر لەبەیانی ئەمرۆ لە ناحیەی گردەسێن، رەوە گورگێک هێرشیان کردووەتە سەر مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیەک و هەشت سەر مەڕی لێ مردار کردووەتەوە.

محه‌مه‌د مەقسود، خاوەن مەڕەکانە و به‌ 964ـی وت، له‌ درەنگانی شەوى رابردووه‌وه‌ تا به‌ره‌به‌یان، گه‌له‌گورگێك دووجار په‌لامارى مه‌ڕه‌كانى داوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ هەشت سەره‌مەڕی لێ مرداربوونه‌ته‌وه‌.

ده‌شڵێت “گورگه‌كان هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستاون دوو سەرمەڕی دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌ و تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌”.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر شارەوانی گردەسێن بریاریدا ئاژه‌ڵداره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى سه‌نته‌رى ناحیه‌ مه‌ڕو ماڵاته‌كانیان به‌خێو بكه‌ن، محه‌مه‌دیش به‌قسه‌ى شاره‌وانى كردووه‌ و ده‌ڵێت “ئێمەش مه‌ڕو ماڵاته‌كانمان بردووه‌تە دەشتاییه‌ک و له‌و ده‌شتاییه‌ش گورگێكی زۆر هه‌ن”.

به‌قسه‌ى ئه‌و مه‌ڕداره‌ جارێكی دیكه‌ش گه‌لە گورگ په‌لامارى مه‌ڕه‌كانى داوه‌ و دوو سەر مەڕی لێ هه‌ڵدڕێبوو، مه‌زه‌نده‌ش ده‌كات به‌هه‌ردوو په‌لامارى گورگه‌كانه‌وه‌، نزیکەی چوار ملیۆن دینار زەرەرى پێگه‌یشتبێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن