كچانی تۆپی ده‌ستی عێراق له‌ هه‌ولێره‌وه‌ خۆیان بۆ ئاسیا ئاماده‌ ده‌كه‌ن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

تیپی كچانی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی ده‌ستی عێراق، له‌ هه‌ولێر خۆیان بۆ پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا ئاماده‌ ده‌كه‌ن، زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانیش كوردن.

ئاڵا دێده‌وان ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی ده‌ستی عێراق و سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵبژارده‌ی كچانی عێراق، به‌ 964+ی وت، هه‌فته‌یه‌كه‌ تیپی كچانی هه‌ڵبژارده‌ عێراق كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانیان ده‌ستپێكردووه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی كچانی عێراق به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی ده‌ستی رۆژئاوای ئاسیا ده‌كه‌ن، كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای شوباتی داهاتوو له‌ ئورده‌ن به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاڵا دێده‌وان وتی، “25 یاریزان بانگهێشتی تیپه‌كه‌ كراون بۆ به‌شداریكردن له‌ كه‌مپی مه‌شقی، له‌ كۆتاییدا 18 یاریزان هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ به‌شداریكردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا”.

وتیشی: “زۆرینه‌ی یاریزانه‌كان كوردن و ته‌نیا دوو یاریزانی عه‌ره‌ب له‌ تیپه‌كه‌دان، ئامانجیشمان ئه‌وه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی به‌هێز دروست بكه‌ین”.

هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی ده‌ستی كچانی عێراق له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو، دوو یاریی ئاماده‌كاری به‌رامبه‌ر تیپه‌كانی شه‌قڵاوه‌ و تازه‌پێگه‌یشتووانی هه‌ولێر ئه‌نجام داوه‌.

“تا 10 رۆژی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر مه‌شقه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر پلانی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ دوو كه‌مپی مه‌شقیی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق رێك بخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ لووتكه‌ی ئاماده‌كاری”، ئاڵا دێده‌وان وای وت.

بڕیاره‌ له‌ 9ی شوباتی 2023 پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا له‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ عێراق یه‌كێك ده‌بێت له‌ به‌شداربووه‌كان.