بەهۆی خۆپیشاندانەوە

بەنزینخانە تاقانەکەی پردێ سێ رۆژە بێ گاز و بەنزینە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

ماوەی سێ رۆژە گاز و بەنزین و نەوت ناگات بە وێستگە تاقانەکەی ناحیەی پردێ و بەو هۆیەوە هاوڵاتیان ناچارن رووبکەنە قەزای دوبس.

لە رۆژی یەکشەممەوە، رێگای کەرکوک – هەولێر و بە دیاریکراوی لە گەڕەکی شۆراو، بەردەم بینای فەرماندەیی ژووری ئۆپراسێونەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە، ئەوەش وایکردووە سووتەمەنی نەگات بە ناحیەی پردێ.

عەبدول موتەلیب نەجمەدین بەڕێوەبەری ناحیە پردێ بە 964ـی وت، ئاستەنگیەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێرانی بارهەڵگر دروستبووە، هەروەها بۆ جوتیاران، زۆربەی هاوڵاتیان لە ئێستادا رێگای دوبس بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆکردنی رۆژانەیان.

وتیشی، لە ناحیەکەدا تەنیا یەک بەنزینخانەی حکومی بوونی هەیە و ماوەی سێ رۆژە گاز و بەنزین و نەوتی پێنەگەیشتووە، ئەوەش وایکردووە هاوڵاتیان لە بازاڕی رەش بیکڕن یاخود بڕۆن بۆ قەزای دوبس.

ئەو باسی لەوەکرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان قسەیکردووە، بۆ ئەوەی رێگای دوبس بەکاربهێنن بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بە ناحیەی پردێ.

هاوکات، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدان و نووسراوی رێگەپێدان دەکرێت بۆ ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئەوەی رێگە لە گەیشتنی بارهەڵگری سووتەمەنی نەگیرێت بە ناحیەی دوبس.

بە سۆراغی 964، بەنزین بە هەریەک لە بەنزینخانەکانی رێدار و ناحیەی شوان و چەند شوێنێکی دیکەش نەگەیشتووە.