بۆردی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە خوێن وەردەگرێت

964+

پێشەوا محەمەد

وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆردی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە خوێن لەو خێزانانە وەربگرێت، کە دەڵێن منداڵی ونبوویان هەیە.

کاری بۆردەکە ساغکردنەوەی چارەنووسی 210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریەتی، کە دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە 16.3.1988دا بێسەروشوێن بوون.

بۆردەکە لە لایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، تەندروستی و ناوخۆ تێیدا ئەندامن.

عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، دوای وەرگرتنی خوێن لەو خێزانانە، کاری تاقیگەیان بۆ دەکرێت و بۆردەکە سەردانی ئێران دەکات، بۆ زانینی چارەنووسی ئەو منداڵە ونبووانە.