"زۆرترینیان لە زانکۆکان وەردەگیرێن"
ناوی دەرچوانی پۆلی 12 گەیشتە وەزارەتی خوێندنی باڵا
964+
فەهمی نەبی
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمڕۆ ناو و نمرەی سەرجەم دەرچوانی پۆلی 12 گەیەندراوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەمنزیکانە پرۆسەی وەرگرتنیان لەرێگەی زانکۆ لاین دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، د.ئالان حەمە سەعید چووەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ناو و نمرەی 47 هەزار و 629 قوتابی وێژەیی و زانستی و پیشەیی لەساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 داوەتە د.ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان 964 پەیوەندیکرد بە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی، هێشتا هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ دەستپێکی راگەیاندنی پرۆسەکە.
هەفتەی پێشوو وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەری تۆماری سەرجەم زانکۆکان ئەوەی راگەیاند کە ئەمساڵ زۆرترین دەرفەت بۆ خوێندکاران دەڕەخسێندرێت و ئەوەشی وتووە “وەک ساڵانی پێشوو رێگە نادەین پرسی دارایی ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونی خەونی لاوەکانمان”.