نەمامگەیەکی جیاواز لە دهۆک دروست دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە وەبەرهێنەرێک لە پارێزگای دهۆک لەسەر رووبەری 55 هەزار مەتر دووجا گەورەترین نەمامگە لەو پارێزگایە دروست بکات.
وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت، مۆڵەتی ژمارە (1236/ب) دراوەتە پڕۆژەی دروستکردنی نەمامگەیەک کە سێ ساڵی دیکە دروستکردنەکەی تەواو دەبێت.
بڕیارە ئەو نەمامگەیە گرینگی بە شەتڵی ئەو درەختانە بدات کە لەگەڵ ژینگەی ناوچەکە دەگونجێن، هاوکات تاقیکردنەوە لەسەر شەتڵی نوێش دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت شەتڵی ئەو درەختانە لەگەڵ پارێزگای دهۆک دەگونجێن یان نا.
سەرمایەی ئەو نەمامگەیە یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە و لەدەڤەری کێڤلای پارێزگای دهۆک جێبەجێدەکرێت.
وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت، نەمامگەکە ئەمانەی تیایدا دەبێت، پڕۆژەی داری بچوک، خانوی پلاستیکی، داری میوە، داری جوانکاری، خانوی شوشەیی، جێگەی حەسانەوە بۆ کرێکاران، کافتریا، پارکی پیادە و پارکی ئۆتۆمبێڵی لێ دروست دەکرێت.