بەکارهێنانی مۆبایل وەک ئامرازی پەیوەندی تەلەفونی _ وێنە: پێگەی Google
بۆ پەیوەندی کام ئەپلیکەیشن بەکاربهێنین داتاکانمان سەلامەت دەبن؟
964+
فەهمی نەبی
شارەزایانی بواری تەکنۆلۆژی هۆشداری دەدەن لەسەر بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکانی پەیوەندی تەلەفونی، بەجۆرێک هەندێک لەو ئەپانە جێگەی متمانە نین، شارەزایەکی ئەو بوارە دوو ئەپڵیکەیشن دەستنیشان دەکات وەک سەلامەترین.
ئاسۆ وەهاب، راهێنەر لەتۆڕی عێراقی بۆ بواری تەکنۆلۆژی بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، بەشی هەرە زۆری ئەپڵیکەیشنەکانی پەیوەندی تەلەفونی داتاکانی بەکارهێنەرانیان دەبەن و دەیفرۆشنەوە، کە هیچ کات بەکارهێنانیان سەلامەت نییە.
ئاسۆ وەهاب دەڵێت،(Signal) و (Wire) دوو باشترین و سەلامەترین ئەپڵیکەیشنن بۆ پەیوەندی کە تا ئێستا داتای بەکاربەرانیان نەداوەتە هیچ دەوڵەت و لایەنێک.
بەپێی سەرچاوەکان هەردوو ئەپڵیکەیشنی (Signal) و (Wire) لەلایەن دوو کۆمپانیای سویسری خاوەنداریەتی دەکرێن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەپڵیکەیشنی Wire ئەوەیە، دەتوانیت بەبێ ژمارەی تەلەفون ئەکاونتێک دابنێیت، بەڵکو تەنیا پێویستیت بە ئیمەیلێکە بۆ ئەوەی خۆت تۆمار بکەی، دواتر دەتوانی پەیوەندی بکەی بەبێ ئەوەی هیچ سانسۆرێکت لەسەر بێت.
لە سەرەتای مانگی ئاب، وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، راگرتنی پلاتفۆرمی تیلیگرامی لە عێراق راگەیاند، هۆکاری بەرچاوی راگرتنەکە دزەکردنی زانیاری حکومەت و رێگەدان بوو بە گروپەکان چالاکی دژی حکومەت بڵاوبکەنەوە.