کەمپی کەپەرتوو سووتا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە کەمپی کەپەرتوو یەک لە پارێزگای دهۆک ئاگر لە خێمەی ئاوارەکان کەوتەوە و چوار خێمە بە تەواوەتی سووتان.

ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و ئەو چوار خێمەیەی سووتاون بە تەواوی کەلوپەلەکانی ناوییەوە بووە و هیچ شتێکیان بۆ دەرنەچووە و زیانێکی زۆری مادییان بەرکەوتووە.

باسم قاسم، دانیشتووی کەمپەکە بە 964ـی وت، ئاگر لە خێمەیەک کەوتەوە و بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە چەند خێمەیەکی تریش سووتاون.

وتیشی، تیمەکانی بەرگری شارستانی لەناو کەمپەکەن و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

964 چەندین جار بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئاگرەکە پەیوەندی بە بەرگری شارستانی دهۆکەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە

کەمپی کەپەرتوو یەک دەکەوێتە نزیک ئالۆکا لە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک، دوو هەزار و 500 خێزانی ئاوارەی شنگالی تیادا نیشتەجێیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی